تولای حاتەم ئۆغۆللاری: ئەوەی دەمانگەیەنێت بە سەرکەوتن، نەریتی بەرخۆدانە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری پەیامیدا "ئێمە فیگەری ڕۆحی یەنیکاپیمان ڕەتکردەوە، لەپاڵ گەل وەستاین، چارەسەر ڕێگەی سێیەمە".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی ڕۆژەڤە هەنوکەییەکانی نرخاند.

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر کودەتای ١٥ ی تەمموزی ٢٠١٦ و ڕایگەیاند لە هەموو کودەتایەکدا کرێکاران و هەژاران و چەپەکان و سۆسیالیستەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکان باجی هەرە گەورەیان داوە، دووپاتی کردەوە ئاکەپە سوود لە هەوڵی کودەتا وەرگرت و ڕژێمەکەیان لەسەر خوێنی مرۆڤەکان دامەزراند.

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ١٥ ی تەمموز کودەتا نییە، پرۆسەی پێش و پاش ١٥ ی تەمموز سیناریۆیە، گوتی: "زیانلێکەوتووی ١٥ ی تەمموز جڤاک بوو. لەو ڕۆژەوە ئابووری شکستی هێناوە، سیاسەت شکستی هێناوە، شتێک نەما بە ناوی دیموکراسییەوە".

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر دۆزی کۆبانێ و گەزی، دووپاتی کردەوە، ئەمە کودەتای ڕاستەقینەیە.

پاشان ئاماژەی کرد بە دەستەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ و ڕایگەیاند ئەم کودەتایە لە کودەتای ١٢ ی ئەیلول خراپترە، گوتی: "هەتا قەیوم نەکشێننەوە و ڤیان تەکچە وەک سەرۆکی شارەوانی دانەنرێت، بەرخۆدانمان بەردەوام دەبێت".

هەروەها تیشکی خستەسەر دەستبەسەرکردن و فشاری سەر ڕۆژنامەوانان، ڕایگەیاند تورکیا لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە ڕۆژنامەوانان دەخاتە زیندان، گوتی: "بەگشتی ٢٠٤ دامەزراوە میدیایی، ٦ ئاژانسی هەواڵ، ٧٠ ڕۆژنامە، ٢٠ گۆڤار، ٤١ ڕادیۆ، ٣٨ تەلەفزیۆن، ٢٩ چاپخانە و کۆمپانیای بڵاوکردنەوە داخراون. سەدان کارتی چاپەمەنی هەڵوەشێنرانەوە و ڕۆژنامەوانەکان گیران".

حاتەم ئۆغۆللاری مانشێتی ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەمی پیشاندا کە ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە، مانشێتەکە دەڵێت: " کۆشک و ئاکەپە هەوڵی کودەتاکەیان بە دەرفەتێک زانی و کودەتای خۆیان ئەنجامدا. چەتەکان لە شەقامەکان بڵاوبوونەتەوە و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەنە ئامانج". حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "ئۆزگور گوندەم لە ڕستەیەکدا هەموو ڕووداوەکانی گێڕاوەتەوە".

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند ئێمە لە نەریتی بەرخۆدانەوە هاتووین و سەردەکەوین، بە هیواوە تێدەکۆشین، هەروەها گوتی: "ئێمە نەبووینە بەشێک لە کودەتا و کودەتاچییەکان. ئێمە پشتی پەردەی کودەتاکەمان ئاشکرا کرد و بە ڕوونی بە ڕای گشتیمان ڕاگەیاند. ئێمە ئامادە نەبووین ببینە فیگەری ڕۆحی یەنیکاپی. لەپاڵ گەلدا وەستاین. بۆچی ئەمە دەڵێین؟ لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە یەنیکاپی ڕێگەی بۆ دامەزراندنی ڕژێمی نوێ خۆشکرد".

هەروەها جەختی کردەوە ئەو ڕژێمەی دوژمنایەتی گەل دەکات و ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی باسی نۆژەنکردنەوە دەکات سوودی بۆ گەل نییە، گوتی: "بۆیە دەڵێین، چارەسەر ڕێگەی سێیەمە. گەشتیاری ڕێگەی سێیەمیش دەم پارتییە. دەتوانین شکستیان پێ بهێنین. چونکە زۆرینەین. ئێمە بۆ ڕەنج و دادپەروەری تێدەکۆشین. تێکۆشانمان بۆ ئەوەیە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی ئێمە بە یەکسانی و ئازادی لەم وڵاتە بژین".