بە دیمەن

تولای حاتەم ئۆغوللاری: ئامانجی سەرەکییمان گۆڕینی دەستوور نییە بەڵکو دیموکراتیزەکردنی تورکیایە

تولای حاتەم ئۆغوللاری هاوسەرۆکی دەم پارتی سەرەنجی خستەسەر مشتوومڕەکانی پەیوەست بە گۆڕینی دەستووری بنەڕەتیی و جەختی لەوەکردەوە ئامانجی سەرەکییان هەنگاونانە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا.

تولای حاتەم ئۆغوللاری

تۆلای حاتەم ئۆغوللاری هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان، سەبارەت بە پڕۆسەی ئێستا و گفتوگۆکان لەسەر دەستوور بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد. تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بە گرنگی پرۆسەکە کرد وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ تورکیا و ئاشکرای کرد دەبێت کاری زیاتر بۆ ئەم دەرفەتە مێژووییە بکرێت.

درێژەی قسەکانی تولای حاتەم ئۆغوللاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بەمشێوەیە:

'ئەم بابەتە لە پەرلەماندا چارەسەر دەکرێت'

تۆلای حاتەم ئۆغوللاری سەرەتا جەختی لە گرنگی پرۆسەکە کردەوە و سەبارەت بە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی کە دەوڵەت باخچەلیش داوای پێکهێنانی کردووە، ڕایگەیاند:"بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەر دوابە دوای ئەوە کۆنگرەی پەکەکە بۆ کۆتایی هێنان بە کار وچالاکییەکانی و دواتر پرۆسەی گۆڕان و گۆڕانکاری، بەڕاستی بۆ تورکیا گرنگییەکی مێژوویی هەیە. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکان بۆ تورکیا لەڕووی ئاشتییەوە کە لە مێژووی ١٠٠ساڵەی خۆیدا بەخۆییەوە نەیبینووە. بۆیە زۆر گرنگە هەم لایەنی دەسەڵات، هەم حکومەت، هەم ئۆپۆزسیۆن و هەموو ناوەندە کۆمەڵایەتیەکان ئەم پرۆسەیە بە تێگەیشتنەوە هەڵسەنگێنن. چونکە ئەگەر لەسەر چۆنیەتی گۆڕینی ئەو دەرفەتانەی کە لە مێژوودا دێنە بەردەممان بە شێوەیەکی جددی بیری لێ نەکەینەوە و بە ئەرێنی کاری لەسەر نەکەین، ئەوا بەداخەوە ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بنیات بێین.

هەروەها لەو چوارچێوەیەدا ئەو پڕۆسەیەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی لە ١ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد، لە وتارەکانی گروپی پارتەکەیدا نیشانی داوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە پەیامی هەیە. ئێستا، دوایین پەیامی، ئاماژەی بە کاری کۆمسیۆن کرد. لە ڕاستیدا بەڕێز ئۆجالان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا باسی کاری کۆمیسیۆنی کردبوو. شاندەکەمان کە دوای چوار ساڵ بۆ یەکەمجار کۆبوونەوەی لە گەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا، لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە 'دەبێت کۆمیسیۆنێک بۆ ئەم پرسە لە پەرلەمان پێک بهێنرێت.

بەڵێ، دروستکردنی ئەم کۆمیسیۆنە زۆر گرنگ دەبینین. ناوەڕۆکی ئەم کۆمیسیۆنە چۆن دەبێت؟ شێوازی بڕیارگرتن چۆن دەبێت؟ دەتوانێت بێت بە کۆمیسیۆنێک کە توانای گرتنی بڕیار هەبێت؟ بێگومان پێویستە لەسەر ئەم وردکارییانە قسە بکەین. شتەکانیش کە پێویستە باس بکرێن ئەمانەن.

بەڵام ئەو پرسەی کە پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت ئەمەیە: دەبێت پەرلەمان لەم پڕۆسەیەدا بە شێوەیەکی فەرمی ئەرکەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. دروستکردنی کۆمیسیۆنێک بۆ ئەم مەبەستە زۆر گرنگە. چونکە هەڵوێستی ڕوونی بەرێز ئۆجالان، ئێمە، یان سیاسەتی دیموکراتیک و یانیش لایەنی ئۆپۆزسیۆن ئەمەیە: ئەم پرسە دەبێت لە پەرلەماندا چارەسەر بکرێت. ئاشتی دەبێت لە پەرلەماندا بە دی بهێنرێت. دروستکردنی ئەم کۆمیسیۆنە زۆر گرنگ دەبینین و لە دوایین کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان ئەمەمان کردە ڕۆژەڤی خۆمان. سەرەتا سەردانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانمان کرد. لە ڕۆژەکانی داھاتوودا سەردانی پارتەکانی دەسەڵاتداریش دەکەین و بۆچوونەکانمان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵیان باس دەکەین."

'گفتوگۆی دەستووری بنەڕەتی هێشتا ئامانجی سەرەکییمان نییە بەڵکو دیموکراتیزەکردنە'

تولای حاتەم ئۆغوللاری بەرنامەی دەم پارتی کە پەیوەستە بە گفتوگۆکان لەسەر دەستوور کە چەندین جار لە ڕۆژەڤدا قسەی لەسەر دەکرێت  و دیاری کرد کە هەندێک هەنگاو دەبێت سەرەتا بنرێن هەیە. تولای حاتەم ئۆغوللاری ئەم هەنگاوانەی باسکرد و ئاماژەی بەوەدا دوای بە دی هێنانی ئەمانە یاسایەکی بنەڕەتی دەتوانرێت دابنێندرێت: "بۆ پێشکەوتنی ئەم پڕۆسەیە، هەندێک هەنگاو کە دەبێت بنرێت هەیە. دەتوانین بڵێین پاکردنەوەی ڕێگەکەیە، نیشانەیەکی نیەت یان هەندێک هەنگاوی بەپەلەی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ. بۆ ئێمە یەکەم هەنگاو کە دەبێت بنرێت، دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوە کە هەمووکەسێک بتوانێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتن بکات. ئەمە زۆر گرنگە. چونکە ئەو دەبێت خۆی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەببات و پەرەیپێبدات. 

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە چاوەڕوانبووین یاسای پەیوەست بە جێبەجێکردن پێش جەژن بخرێتە پەرلەمان. هەروەها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی (AIHM) و دادگای یاسای بنچینەیی (AYM) زۆر گرنگن. بۆ نموونە، ئەگەر بڕیارەکانی AIHM بە خێرایی جێبەجێ بکرێن، دەبێت بەرێز سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگن یوکسەکداغ و ئەوانەی لەسەر دۆزی کۆبانێ زیندانی کراون، ئازاد دەکرێن. ئەمەش بۆ عوسمان کاڤالا، پەرلەمانتاری هاتای TİP جان ئاتالای و هەموو کەسێکی دیکەش دەرباز دەبێت. دەمەوێت جارێکی تر بڵێم یاسای پەیوەست بە جێبەجێکردن بۆ ئێمە زۆر گرنگە و هیوادارم پێش جەژن بێت.

دوای ئەوە، هەنگاوی گۆڕانکاریی پەیوەست بە ناوەندی تێکۆشان دژی تیرۆر، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە. چونکه له تورکیا هەموو لێدوانەکانی ئۆپۆزسیۆن به یاسای تیرۆر دادگایی دەکرێن ئەمە ڕاست نییە. وەک بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدارەکاندا  رایگەیاند: " ئازادی هەتا کۆتایی داواکارییەکە" و لە ڕاستیدا، ئەمە مانای دیموکراسییە. بۆیە دەبێت تێکۆشان دژ بە تیرۆر بە شێوەیەکی بەرفراوان بگۆڕدرێت.

هەروەها هەنگاوێکی دیکەش ڕوانگەی هاوڵاتیبوونی یەکسانە. گەل و باوەڕەکان، زمان و کەلتوورە جیاوازەکان لە تورکیا بوونیان هەیە. بۆیە دەبێت ٨٦ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا لە چوارچێوەیەکی هاوڵاتیبوون و  یەکساندا بژین. تائێستا گفتوگۆ لەسەر دەستوور لە ڕۆژەڤی سەرەکی ئێمەدا نییە. بۆیە پێویستە هەنگاوی جددی لەو بارەوە بنرێت.

تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا کە لە ١٠ شارەوانی دەم پارتیدا قەیوم دانراون. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و شارەوانی ئەستەنبوڵ بەشێکن لەو فشارانە و دەبێت بە زووترین کات کۆتاییان پێ بهێنرێت. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، ناکرێت باس لە دەستووری دیموکراتیک بکرێت، دەبێت یاسای قەیوم هەڵبگیردرێت."

تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا کە وەک پارتێک هەمیشە ڕایگەیاندووە کە تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی دیموکراتیکە و وتی: "ئێمە بە هۆی دەستووری ئێستاوە زیاتر لە هەموو کەس زیانمان پێدەگات. لەبەر ئەوەی چیتر دەستووری جونتای سەربازی کە ساڵی ١٩٨٢ داسەپێنراوە ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی تورکیا بکات. بۆیە پێویست بە دەستوورێکی دیموکراتیکە."

لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا سەبارەت بە سوریاش ڕایگەیاند کە حکومەتی دیمەشق ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکان نەکردووە و هەندێکیان لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدراوە. کۆمەڵکوژی زۆر گەورە لە دژی دروزی و عەلەوییە عەرەبەکان و مەسیحییەکان ڕوویداوە."

تولای سەبارەت بە ژنانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بەوەدا کە بوونەتە نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە سیاسەتدا چالاک و وریان. لەبەردەوامیدا وتی: "دەکرێت سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە سەرانسەری سوریادا بەکار بهێنرێت و گوتی سوریا پێویستی بە دەستوورێکی دیموکراتیکە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕایگەیاند کە پرۆسەی ئاشتی تەنها کاریگەری لەسەر تورکیا نابێت و گوتی: "بەڵکوو کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا، عێراق و ئێرانیش دەبێت. تورکیا کە کێشەی کورد چارەسەر بکات نەک هەر لە سوریا بەڵکوو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە پێشەنگی ئاشتی."

تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراتیزەکردنی تورکیا بۆ ئاشتی هەرێمی کاریگەریی زۆری دەبێت و گوتی: "کاتێک داوای ئاشتی لە تورکیا دەکرێت بەو باوەڕەی کە کاریگەری لەسەر ئاشتی هەرێمی دەکات، ئێمەش خاوەنداری لەم داواکارییە دەکەین."