تولای حاتەمئۆگیولاری: هەوڵەکانمان لەپێناو ئاشتییەکی شکۆمەندانەیە

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەمئۆگیولاری رایەگیاند، "کەس ناتوانێت کە پێداگری و وتەکانمان لە پێناو ئاشتی پێچەوانە بکاتەوە. سەرجەم هەوڵەکانمان بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانەیە".

لە راگەیەندراوێکدا هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەمئۆگیولاری رایگەیاندووە، "کەس ناتوانێت کە پێداگری و لێدوانەکانمان لە پێناو ئاشتی پێچەوانە و چەواشە بکات. سەرجەم هەوڵەکانمان لەپێناو ئاشتییەکی شکۆمەندانەدایە. تەواو".

راشیگەیاندووە: "وتەکانی دوێنێم لە ئامەد لەلایەن هەندێک دەزگای راگەیاندنەوە و میدیای دیجیتاڵەوە پێچەوانە کراونەتەوە و ناوەرۆکەکەی دەرهێندراوە. بەو جۆرە بانگەشەیان کرد کە بۆ 'هەڕەشەکردن' من ئەو قسانەم کردووە.

ئەو پێناسە و مامەڵەیە هیچ پەیوەندییەکیان بە قسەکانی منەوە نییە. لە وەها دۆخێکی هەستیار و گرنگدا دەبێت بزانرێت کە ئێمە بە بەرپرسیارێتی و هەستیارییەوە مامەڵە دەکەین.

ئەوەی لەمڕۆدا دەبێت بکرێت، ئەوەیە کە لەناو سنوورەکانی تورکیاش و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کە هاوکات رەهەندێکی هەرێمایەتی هەیە، وەک پارتەکەمان چیمان لەدەست بێت ئامادەین بیکەین و ئەوەش لە هەموو لێدوانەکانماندا دەیخەینەڕوو. چارەسەریی ئاشتیانە تاکە رێگەی رزگارییە لە هەموو جۆرە کاولکارییەک. ئەو بابەتەی ویستم بیڵێم ئەمەیە.

ئێمە ئەو پارتەین کە بە ئەزمونی خۆماندا دەیزانین، لە سەردەمێکی بەم جۆرەدا زمانی زبر و هەڕەشە چارەسەری لێناکەوێتەوە. پرسی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە بۆ چارەسەریی دیموکراتیک و ئاشتیانە هەنگاو بنرێت".