تورکدۆغان: پارتی چەپی سەوز لە پەرلەماندا دەبێتە زامن و گارانتی
ئۆزتورک تورکدۆغان پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان ڕایگەیاند، پێویستە بۆ زامنکردنی مافە سیاسی و بنەڕەتییەکان پارتی چەپی سەوز زۆر بە بەهێز بڕواتە پەرلەمان.
ئۆزتورک تورکدۆغان پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان ڕایگەیاند، پێویستە بۆ زامنکردنی مافە سیاسی و بنەڕەتییەکان پارتی چەپی سەوز زۆر بە بەهێز بڕواتە پەرلەمان.
ئۆزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) بۆ بەردەوامبوونی زیاتر بە خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری و ئاشتی لە لەلایەن پارتی چەپی سەوزەوە لە ئیستەنبول پاڵێوراوە بۆ پەرلەمان. تورکدۆغان وتی: "پارتی چەپی سەوز بە فراکسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەماندا دەبێتە دابینکەری پاراستنی ژیانی ئازاد، ژینگەیی، مافە سروشتیەکان و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک. ئێمە چاوەڕێین خەڵکی ئیستەنبول لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری خۆیان بدەن".
مافناس و پارێزەر ئۆزتورک تورکدۆغان یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کریکارانى جەماوەری (کەسک) بووە و بۆ چەندین ڕاوێژکار و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبری گشتی بووە. دوای ئەوە بووەتە ڕاوێژکاری یاسایی سەندیکای زەحمەتکێشانی تەندروستی و خزمەتی کۆمەڵایەتی (سەس). لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دەستی کردووە بە تێکۆشان بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ. تا ۲۵ی ئازاری ۲۰۲۳ هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) بووە. تورکدۆغان ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخی سەر بە کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کاری لەسەر سیاسەتی سزادان بەبێ دیاریکردن و ڕاگەیاندنی سزا و پێشێلکارییەکان لە تورکیا کردووە. یەکێکیشە لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا. بە تایبەتی لەسەر بابەتەکانی یاسا نێونەتەوەییەکانی تاوان و دادپەروەری کار دەکات.
کارە نایاسییەکان لەناو دەوڵەتدا زیادیان کردووە
تورکدۆغان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاندن لە ٢٤ی تەممووزی ۲۰۱۵ و لەو کاتەوە، کە پرۆسەی دیالۆگ تەواو بوو، بە بەبێ ڕاوەستان شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و چەندین پێشێلکاری و قەیرانی ئابووری بەهۆی جەنگەوە ڕوویانداوە. وتیشی، "مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە و بەو هۆیەشەوە دەسەڵات و حکومەت کۆتاییان پێهاتووە، پێشێلکردنی یاساکان و کارە نایاسییەکان لەناو دەوڵەتدا زیادیان کردووە و دەسەڵات تەنها گۆڕانکارییەکان بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات دا دەکات، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەزموونی ساڵەهای ساڵی خۆم لە بواری مافەکانی مرۆڤدا، لە بواری سیاسەتدا بەکاربهێنم".
هیوای ئاشتی و چالاکیی ئازادانەی دایکانی شەمە
تورکدۆغان ڕایگەیاند، گرنگترین شت ئەوەیە دەیەوێت دەست بە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی بکرێت و بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکات و لە پەرلەماندا بە بەهێزی ڕێگە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بگرن و ئەوەش دەسەلمێنن.
تورکدۆغان ڕاشیگەیاند، دەسەڵاتی ئێستا ڕێگری لە چالاکیی دایکانی شەممە بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان دەکات، گەرچی دادگای دەستووری بڕیاریداوە، کە چالاکیی دایکانی شەممە مافێکە و دەبێت ئەنجامبدرێت، بەڵام دەسەڵات بە میزاجی و لە ترسی خۆی ڕێگریی لێدەکات، بۆیە ئێمە دڵنیاین لە دوای متمانی گەلەکەمان لە دوای ١٤ی ئایار واتە ڕێک شەممە ٢٠ی ئایار دایکانی شەممە چالاکییەکی ئازادانە و گەورە و جەماوەری بەڕێوەدەبەن. بەو تێکۆشانە سیاسی و دیموکراسییە ئازادی بە دەست دەهێنن.
زامنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکه
تورکدۆغان وتیشی: "ئەگەر بمانەوێت کۆتایی بەو تێگەیشتن و عەقڵێتە بێت، کە نکۆڵی لە خەڵک و کولتووری ئەم وڵاتە دەکات؛ بۆ ئەوەی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو گرووپە ئیتنی، باوەڕەکان و مافەکانی تاکەکان لە دەستووردا مسۆگەر بکرێت ئەوا پێویستە پارتی چەپی سەوز بە شێوەیەکی بەهێز بڕواتە پەرلەمان. هاوپەیمانیی جمهور (ئاکەپە و مەهەپە) هاوپەیمانێتییەکە، کە پارێزگاری لە ئایدۆلۆژیای فەرمی دەکات و بەڵێنەکەی تەنها بۆ ئێمە ئەوەیە، بمانخاتە زیندان. هاوپەیمانیی میلەت (جەهەپە و پێنج لایەنەکە) تەنیا باسی چاکسازی دەکات. بۆ ئەم دۆخە تەنها چاکسازی بەس نییە، بۆیە پارتی چەپی سەوز بە فراکسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەماندا، ژیانی ئازاد، ژینگەپارێزی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک دابین دەکات. بۆیە هیوامان ئەوەیە گەل لە ئیستەنبول لەو چوارچێوەیە بڕیار بدات تاوەکو فراکسیۆنێکی بەهێز لە پارتی چەپی سەوز لە پەرلەماندا بۆ ئەو تێکۆشان و مافانە دروست ببێت".
ژ.ت