تورکیا لە ئازادیی ڕۆژنامەوانیدا چووە نێو لیستی 'وڵاتە مەترسیدارەکان'

ڕێکخراوی پەیامێرانی بێ سنوور (RSF) ڕیزبەندی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە. تورکیا لە نێو ۱۸۰ وڵاتی جیهاندا پلەکەی دابەزیوە بۆ ریزبەندی ١٦٥هەمین.

 

لە ڕیزبەندی ئازادیی ڕۆژنامەوانیی ڕێکخراوی پەیامێرانی بێ سنوور (RSF) دا سێ وڵات لە دۆخی 'کێشەدار' لە ئازادیی رۆژنامەنووسیدا چوونە نێو ڕیزی وڵاتانی 'مەترسیدار' لە ئازادیی رۆژنامەنووسیدا.

تورکیا لە ساڵێکدا ١٦ پلە دابەزیوە

ئەم سێ وڵاتە بریتین لە تاجیکستان (۱٥٣) ، هیندستان (۱٦۱) و تورکیا (۱٦٥). تاجیکستان و هیندستان ١١ پلەیان لە دەستداوە و تورکیایش ١٦ پلەی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە دەستداوە.

بەگوێرەی ریزبەندی ساڵانە، ڕژێمی ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ گوشاری زیاتری خستووەتە سەر ڕۆژنامەنووسان.

سەبارەت بە ئێران، کە لە پلەی ۱۷۷ دایە، ئاماژە بە گوشارەکان لەسەر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە دوای کوشتنی ژنی کورد ژینا ئەمینی. ئەو گوشارانە بوونە هۆی دابەزینی ڕیزبەندیی ئێران.

سەدا ٩٠ی میدیاکان لە تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدان

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامێرانی بێ سنوور (RSF)  دا ئاماژە بەوە کراوە، سەدا ٩٠ی میدیاکان لە تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدان.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامێرانی بێ سنوور (RSF) دا هاتووە: "پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، سیستەمی سەرۆکایەتی زێدەڕۆی  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ داپۆشینی داڕمانی ئابووری و دیموکراسی وڵاتەکە و بۆ بەهێزکردنی بنکە سیاسییەکەی خۆی هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەنووسان. لەگەڵ ئەوەشدا سانسۆر، گوشاری دەزگای دادوەری لەسەر میدیا ڕەخنەگرەکان، ناتوانێت ناوبانگی خراپی ئەردۆغان بگەڕێنێتەوە، یان چاک بکاتەوە."

ژ.ت