وەڵامی تورکیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی "ئیمراڵی": گۆشەگیری نییە، قەدەغە هەیە!

ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە مائیدە نائۆکۆ دەربارەی گۆشەگیری ئیمراڵی پرسیاری لە شاندی تورک کرد، شاندی تورک کە نەیتوانی وەڵامێکی یاسایی بداتەوە، گوتی: "گۆشەگیری نییە، قەدەغە هەیە".

لە کۆشکی ویڵسنی سەر بە ئۆفیسی ژنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٨٠ هەمین دانیشتنی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێ کرد و دانیشتنەکە بەردەوامە.لە چوارچێوەی دانیشتنەکەدا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ دەکرێن. ڕاپۆرتدەرانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە پەیوەست بە تورکیا ڕاپۆرت پێشکەش دەکەن، هەروەها شاندی تورک بەشداری دانیشتنەکە بوون.

ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە تیشکیان خستەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستان. ڕاپۆرتدەری تایبەت مائیدە نائۆکۆ لە وتەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

تورکیا وەڵامی بێ‌بنەمای دایەوە

لە بەشی پاش نیوەڕۆ لەسەر ناوی شاندی تورک، جێگری بەڕێوەبەری گشتی سزا و زیندانەکانی وەزارەتی داد فاتیح گونگۆر دەربارەی پێشێلکاری ماف لە زیندانەکان، وەڵامی پرسیاری ڕاپۆرتدەرە تایبەتەکانی دایەوە.

بانگەشەی ئەوەی کرد پێوەری زیندانەکانی تورکیا بەگوێرەی پەیمانە نێونەتەوەییەکانە و گوتی پێچەوانەی ڕاپۆرتی زۆربەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لە زیندانەکان ڕژێمی گۆشەگیری نییە.

گونگۆر دەربارەی گۆشەگیری ئیمراڵی وەڵامێکی کورتی دایەوە، هەرچەند کارە تایبەتەکانی بەرامبەر ئیمراڵی قبووڵ نەکرد، بەڵام لە بەرگرییەکەیدا گۆشەگیری ئیمراڵی قبووڵ کرد.

گونگۆر سەرەتا ئاماژەی بەوە کرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەگوێرەی خاڵی ١٢٥ هەمینی یاسای سزادانی تورک لەلایەن دادگای ئاسایشی تایبەتی دەوڵەتەوە دادگایی دەکرێت، بەمەش بەرگری لە سزای دیسپلین و قەدەغەی چاوپێکەوتن کرد.

گونگۆر هەوڵیدا بەرگێکی یاسایی بۆ گۆشەگیری ئیمراڵی بدۆزێتەوە و گوتی: "ئەمڕۆ عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ زیندانی تر لە زیندانی ئاسایشی بڵندی ئیمراڵی سزای خۆیان وەردەگرن. ئەوانەی بەگوێرەی یاسا ناجووڵێنەوە، دەبێت لەلایەن لیژنەی چاودێری کارگێڕی زیندانەوە ڕووبەڕووی سزا ببنەوە. ڕەنگە هەندێک لەو تاوانانەی لە زیندان ئەنجام دراون، ببنە هۆکاری قەدەغەی چاوپێکەوتن. سزای دیسپلین لەئەستۆی لیژنەی دیسپلینی زیندانە. پاش بڕیاردان، زیندانییەکە ئاگادار دەکرێتەوە، دەتوانێت لە دادگای سزادان تانە لە بڕیارەکە بدات. هەروەها دەکرێت ببرێتە دادگایەکی پەیوەندیدار. بەم پێیە، چاوپێکەوتنی بنەماڵەی زیندانیان لە ئیمراڵی ٣ مانگە وەستێنراوە. بۆیە لەم ماوەیەدا چاوپێکەوتنی کەسوکاریان قەدەغەیە. تا ئێستە هیچ سکاڵا و تانەیەک دژی ئەم بڕیارە نەبووە کە نیسانی ٢٠٢٤ بەئەنجام گەیشتووە و کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بڕیاری دادگا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤، چاوپێکەوتنی پارێزەران بۆ ماوەی ٦ مانگ وەستێنرا. دژی ئەم بڕیارە تانە درا، بەڵام تانەکە لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ ڕەتکرایەوە و بڕیارەکە پەسەند کرا".  

٨٠ هەمین دانیشتنی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٦ ی تەمموز کۆتایی دێت. بەرنامەکە سبەی بە دانیشتنی تورکیا بەردەوام دەبێت.