وڵاتپارێزیی کورد
راستیی سەرەکی ئەوەیە مرۆڤ لە شوێن و وڵاتی خۆیدا لە دژی کەسانی فاشیست و داگیرکەر و چەوسێنەر خۆی بە رێکخستن بکات و تێبکۆشێت و بەهەشتی خۆی لە وڵاتی خۆیدا دروست بکات.
راستیی سەرەکی ئەوەیە مرۆڤ لە شوێن و وڵاتی خۆیدا لە دژی کەسانی فاشیست و داگیرکەر و چەوسێنەر خۆی بە رێکخستن بکات و تێبکۆشێت و بەهەشتی خۆی لە وڵاتی خۆیدا دروست بکات.
باشە مرۆڤ دەتوانێت بە رووداوەکانی سەر سنووری پۆڵەندا و بیلارۆس بڵێت "درامی مرۆڤایەتی"، یان "درامی کوردان؟" بێگومان مرۆڤ ناتوانێت وەها بڵێت، چونکە تەنها درامێکی تراژیدی و خەمناک نییە، بەڵکو کۆمەڵکوژیشە.
کاتێک مرۆڤ دەڵێت، "درام" دۆخەکە سوک دەکات و رۆڵ و دۆخێکی وەها دروست دەکات، کە رەوایی بە کۆمەڵکوژکردنی مرۆڤایەتی بدات. بەرپرسیارانی رووداوەکە دەشارنەوە و دوای ئەوەش دەرفەتی لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانەی ئەو تراژیدیا وکارەساتە لە ناو دەبەن.
هەندێک کەس بەرامبەر ئەو روودانەوە بەرپرسیارن و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. کەواتە بەرپرس و تاوانباری ئەو رووداوانە کێن؟
بێگومان کێشەکە تەنها ئەوە نییە، کە لە سەر سنوورەکاندایە و دەبێت لەوێ بە دوای بەرپرسیاراندا نەگەڕێین. ئەوەى لەسەر سنووری پۆڵەندا و بیلاروس و ئەوەى بە ناوی "قەیرانی کۆچبەران" روودەدات تەنها دەرەنجامێکە نەک هۆکاری رووداوەکان.
بۆ ئەوەش و لە پێناو ئەوەدا، کە مرۆڤ راست تێبگات و پێناسەى بکات، دەبێت نەک لە دەرەنجامەکە، بەڵکو دەبێت سەیری هۆکارەکە بکرێت، چونکا ئەوەى لەسەر سنووری پۆڵەندا و بیلاروس و ئەوەى لە دەریای سپیی ناوەڕاست روودەدات، هۆکار و بەرپرسیارانی سەرەکیی هەیە.
باشە مرۆڤ بۆ ناچار دەبێت، کە خۆی لەسەر سنووری پۆڵەندا و بیلاڕووس، یان لە دەریای سپیی ناوەڕاست دا بە کوشت بدات، یان خۆی بخنکێنێت؟
زۆر روون و ئاشکرایە، کە ئەوانە دوو هۆکاریان هەیە. یەکێک لە هۆکارەکان سیستمی پێنجسەد ساڵەى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست و دۆخە جیهانیەکەیەتی، چونکە پێنجسەد ساڵە هەموو سامان و دەوڵەمەندیی ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و ئاسیا بە زۆر دەستیان بەسەردا گرتوە و زەوتیانکردووە و بردویاننە بۆ ئەوروپا. لەو ناوچانەدا مرۆڤەکان بە هۆی برسێتییەوە دەمرن و ئەوروپییەکانیش بەهەشتێکیان بە سامانی ئەو ناوچانە بۆ خۆیان دروستکردووە. لەبەر ئەوەش مرۆڤە برسیەکان روو لەو بەهەشتە ساختەیە دەکەن.
هۆکاری دووەم ئەوەیە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێستا لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا بە زۆری دەسەڵاتخواز و چەوسێنەرن.
لە لایەکەوە لەسەر کۆمەڵگاکانیان گوشارێکی زۆر دەسەپێنن و زوڵمیان لێدەکەن و دەیانچەوسێننەوە و لەلایەکی دیکەشەوە سەروەت و سامانەکانیان دەدزن و بەوە بنەماڵە و خانەدانەکانی خۆیان دەوڵەمەند دەکەن.
لەبەر ئەوەش خەڵک لەژێر گوشاری قورس و برسێتیدایە. بەو گوشار و برسێتییە خەڵک لە وڵاتەکانیان دوور دەخەنەوە و روو لە ئەوروپا دەکەن.
بۆیە خۆی لە خۆیدا ڕووداوی کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی دەریای سپی و پۆڵەندا و بیلاروس بەهۆی سیستمی پێنجسەد ساڵەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دیکتاتۆرییە فاشیستییەکانەوە دروستبووە. ئەو هێزانە بەرپرسیار و تاوانباری ئەو ڕووداوانەن، کە ناو نراوە 'درامی مرۆڤایەتی'.
بۆیە دەبێت مرۆڤ ئەو هێزانە بە بەرپرسیاری ئەو ڕووداوانە تاوانبار بکات و لێپرسینەوە لەو هێزانە و تێڕوانین و سیاسەتەکانیان بکات.
پێویستە لەو بارەیەوە باس لە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دیکتاتۆریی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە بکرێت، چونکە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە تەنها گوشار و داگیرکاری و چەوساندنەوە ناخاتە سەر مرۆڤەکان لە ناو سنورەکانی دەوڵەتی تورک دا، بەڵکو گوشار و چەوساندنەوە و داگیرکاری لە وڵاتانی دراوسێش بەڕێوەدەبات و خەڵکێکی زۆر لە ئاسیا و ناوچە جیاجیاکان کۆدەکاتەوە و دەیانگوازێتەوە بۆ ئەوروپا.
لەو رێگایەوە "قەیرانی پەنابەران" دروست دەکەن و بەوەش هەڕەشە لە یەکێتیی ئەوروپا دەکەن. دەیانەوێت یەکێتیی ئەوروپا دیکتاتۆرییە فاشیستییەکەیان و سیاسەتی پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژکردنی کوردان قبوڵ بکات.
لەبەر ئەوەیە ئیدارەی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە بەرپرسیارن لە 'قەیرانی پەنابەران' و پێویستە زۆرترین لێپرسینەوە لە ئیدارەی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە بکرێت.
کاتێک ئێمە باس لەو شتانە دەکەین، پێمان راست نییە، کە مرۆڤ وڵاتی خۆی بەجێبهێڵت و بۆ ئەوەى بڕوات بۆ ئەوروپا خۆیان هەڵبدەنە ناو دەریای سپی و خۆیان لە سنووری پۆڵەندا - بیلاروس بدەن، بەڵکو پێمانوایە ئەوە و هۆکارەکانەکانی کارێکی ناڕەوایە.
پێش هەموو شتێک ئێمە ئەو هێزانە بە بەرپرسیار و تاوانبار دەزانین. ئەوە هۆکارەکەی هەرچییەک بێت بە توندی ڕەخنە لەو ڕاستییە دەگرین، کە خەڵک وڵاتەکەیان جێدەهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی تر دەکەن و دەبنە پەنابەر و دەیانهەوێت لەوێ بەدوای بەهەشتدا بگەڕێن.
لەو ڕووەوە ڕاستی سەرەکی ئەوەیە، کە دەبێت مرۆڤ لە وڵات و نیشتمانی خۆیدا بێت و لە دژی فاشیست و داگیرکەری و چەوساندنەوە خۆی بە رێکخستن بکات و تێبکۆشێت و بەهەشتی خۆی لە خاک و زێد و نیشتمانی خۆیدا دروست بکات.
بێگومان مرۆڤ دەتوانێت یارمەتیی مرۆیی بگەیەنێتە ئەو کەسانە، کە لەوێ لە دۆخێکی سەخت و خراپدان، بەڵام نەک بۆ ئەوەى مرۆڤ ستایشی دۆخ و هەڵوێستیان بکات، بە پێچەوانەوە مرۆڤ دەبێت بە ڕەخنە گرتن، هەڵەی بیرکردنەوەیان و جموجوڵەکانیان بخاتەڕوو و روویان لە راستی بکات.
هەڵاتن لە وڵات و لە ئەوروپا، کە هەموو شتێکی خۆیان بە خوێن ئافراندووە، گەڕان بەدوای بەهەشتێکدا نییە، کە مرۆڤ بتوانێت گرنگیی پێ بدات و پارێزگاریی لێ بکات. پێش هەموو شتێک ئەمە دژی وڵاتپارێزییە.
لەسەر بنەمای ئەو راستییانە و دەستنیشانکردنی ئەو خاڵانە مرۆڤ دەتوانێت باسی "درامی کوردان" بکات.
دەوترێت ئەوانەی لەسەر سنووری پۆڵەندا و بیلاروس کۆبوونەتەوە و بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کوردن. زۆربەشیان خەڵکی باشووری کوردستانن!
واتە ئەو شوێنە، کە کورد لێی ڕادەکات بەشێکە لە کوردستان، کە بە "کوردستانی ئازاد" ناودەبرێت. فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەش بۆ هەڵهاتنیان بوونەتە رێگاخۆشکەر و پۆستەچی و هێڵی گەیاندن.
مرۆڤ دەتوانێت لەوە تێبگات کە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە پێناو چیدا دەیانەوێت کورد لە کوردستان دەربکەن و بە هەموو جیهاندا پرژ و بڵاویان بکەنەوە.
چونکە فاشیست و داگیرکەر و پاکتاوکارە، دوژمنی سوێندخواردووی کوردە و هەموو ڕۆژێک کورد دەکوژێت و خۆی بە خوێنی کورد تیر دەکات ئەو بە کورد دەڵێت 'لەم خاکە بڕۆن، بۆ کوێ دەڕۆن بڕۆن'، واتە پاکتاوکارە و کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن لە دژی کورد ئەنجام دەدات.
سیستمی سەرمایەداری جیهانی گەورەترین گوشار و زوڵم و چەوساندنەوەی بەسەر کورددا سەپاندووە.
ئەو سیستمە کوردستانی بەسەر چوار پارچەدا دابەش کردووە. ئەو سیستمە گەلی کورد بە نەبوو دەزانێت و کوردیان خستووەتە ژێر گوشاری پاکتاوکردن و سڕینەوەوە. ئەو سیستمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات لە دژی کورد.
بۆیە زۆرترین تاوانەکانی گوشارکردن، داگیرکەری و چەوساندنەوە و تاڵانیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە کوردستان ئەنجام دراوە.
بۆیە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت پێکەوە کورد لە کوردستان دەربکەن و دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕن، بەڵام لێرەدا دوو شت روون نییە و قابیلی تێگەیشتن نییە و نابێت قبوڵ بکرێت.
یەکێکیان ڕۆڵی حکومەت و ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستانە. سەرەڕای هەموو هەوڵە نەرێنییەکانی سیستمی سەرمایەداری و فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، ئەگەر ئیدارەی هەولێر سیاسەتی ڕاست و باش پەیڕەو بکات، گەلی کورد و لاوانی، کە ئێستا دەڕۆن و وڵات چۆڵ دەکەن، ئەوا کوردستان بەجێناهێڵن و نایانەوێت بەرەو ئەوروپا ڕابکەن.
لەبەر ئەوەشە ئیدارەی پارتی لە هەولێر بەرپرسیارە لەو ڕووداوانە و هەڵهاتنی هاووڵاتییان و گەنجان لە کوردستان.
بە بەهێزکردنی دێموکراسی، بە زیادکردنی گوشار و داگیرکاری و چەوساندنەوە، بە ئەنجامدانی تاڵانی، بە گەورەکردنی بنەماڵەی بارزانی، خەڵکی دیکە تینوو و برسی و هەژار کراون.
ئەگەرنا بۆچی خەڵک وەک لە ئیدارەی و بەڕێوەبەریی بەهەشتییانەی ئەو دەسەڵاتە، لە کورد و کوردستان هەڵدێن؟
دووەم، ئەوە تێڕوانین و هەڵوێستەیە؛ ئەو خەڵکەی لە دژی خواست و حەزی دژەدیموکراتیکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خەبات دەکەن لە بریی مانەوە لە کوردستان و درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانەکەیان، کوردستان جێدەهێڵن و بەرەو ئەوروپا هەڵدێن.
ئاشکرایە ئەو تێڕوانین و هەڵوێستەش هەڵەیە، چونکە کۆمەڵگا لە ژێر هەڕەشەی جینۆساید و پاکتاوکردندایە، ئەوەش بۆ سەر کورد مەترسی و تاوانە.
چونکە هەڵهاتن لە کوردستان هەڵهاتنە لە وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری، هەڵهاتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی. بێگومان ئەوە لەلایەن مرۆڤە وڵاتپارێزەکانەوە قبوڵ ناکرێت.
وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی کورد ناتوانێت بەو شێوەیە بێت. ڕۆژانە دەیان گەنجی کورد ژیانی خۆیان بۆ ئازادی دەبەخشن، بۆ ئەوەی لە ئەوروپاش بژین، نابێت لە کوردستان ڕابکەن.
ئەگەرنا دەبێت مرۆڤ جارێکیتر لە وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی کورد تێگەیشتنی راست و دروست بۆ خۆی پێناسە بکات و لە هەموو شوێنێکدا بە شێوەیەکی راست و دروست کاری پێ کات.
پێویستە هێڵی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کۆمەڵگادا جێبەجێ بکرێت.
سەدان و هەزاران نموونەی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی کورد هەیە. دوایین نموونەش هەڤاڵی راستگۆی ڕێبەر ئاپۆ، وڵاتپارێزی هێژا و بە نرخی کورد شەهیدی گەورە یوسف گولۆیە. کەسایەتیی یوسف گولۆ بەرجەستەترین و دیارترین نموونەی پێوەرەکانی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەیە.
بۆیە دەبێت مرۆڤ لەسەر پێوەرەکانی یوسف گولۆ پێناسەی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەریی کورد بکاتەوە و لە هەموو شوێنێک کاری پێ بکات و جێبەجێی بکات.
لەسەر ئەو بنەمایە بە ڕێزەوە یادی شەهیدی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەمان یوسف گولۆ و نەوە شەهیدەکانی دەکەمەوە و رایدەگەیەنم، ئێمە هەڵوێستەکانی ئەو دەکەینە پێوەری وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری و لە کوردستانی ئازاد دا یادی دەکەینەوە و بە زیندویی یادیان بەرز رادەگرین.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلۆتیکا
ژ.ت