وەرگێڕانی پەرتوکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە زمانی ئەرمەنی ناسێنرا

پەرتوکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "شارستانییەت، سەردەمی خوداوەندە دەمامکدارەکان و پاشا داپۆشراوەکان" بە زمانی ئەرمەنی وەرگێڕا، لە چالاکییەکەدا ناسێنرا.

بەرگی یەکەمی مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٥ بەرگ بە ناوی "شارستانییەت، سەردەمی خوداوەندە دەمامکدارەکان و پاشا داپۆشراوەکان" بە زمانی ئەرمەنی وەرگێڕدرا.

لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان لە کۆمەڵەی یەکێتی نوسەران، چالاکییەک بۆ ناساندنی پەرتوکەکە بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا جێگری ئەرمەنی کینیاس حەسەنۆڤ، هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان و ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کورد سەیران جەلاد، مێژوونووس جیڤۆرگ خودینیان و لێکۆڵەر و کوردۆلۆگ کارین هۆڤانیسیان قسەیان کرد، هەروەها چەندین ڕۆشنبیر و نوسەر ئامادەبوون.

ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کورد سەیران جەلاد گوتی: " ئەم بەرهەمە نەوەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتییە. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕامانی قووڵی فەلسەفی خۆی شۆڕشێکی مەزنی دەستپێکرد. کتێبەکان لە پێنج بەرگ پێکهاتوون، یەکەم هەنگاوی ڕێبەر ئاپۆن بەرەو ئایندەیەکی ئازاد. دەوڵەتی تورک بە ئەشکەنجەدان و گۆشەگیرکردنی ڕێبەرمان هەوڵی بێدەنگکردنی کورد دەدات".

سەیران ڕایگەیاند ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەلی کوردی لە لەناوچوون پاراست و ژیانێکی نوێی پێ دان، بە ڕامانی قووڵ ڕێگەی کوردی ڕووناک کردەوە، گوتی: "بۆیە پەرتوکەکە دەرخەری ڕۆحی نەرم و کەسایەتی قارەمان و خەسڵەت و هێزی ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕی ئەڤینداری ئازادییە".

هاوسەرۆکی کۆمیتەی کوردستان سیلۆ دربۆیان ڕایگەیاند تا ئێستە پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ١٠ زمان وەرگێڕاون، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان گرنگییەکی زۆر بە فیکری وی دەدرێت، دەبێت کوردانی ئەرمەنستان و گەلی ئەرمەنی پەرتوکەکان بخوێننەوە، تا ئاشنای ناسنامە و مێژووی خۆیان بن.

مێژوونوس جیڤۆرگ خودینیان تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجی گۆشەگیری و گوتی: پێویستە مرۆڤ لەم بەرخۆدان تێبگات و واتای پێ بدات. سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی باڵادەست، بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. لە جێگەی ئەم سیستەمە، سیستەمێکی نوێی جیهانی پێش دەکەوێت".

لەکۆتایی چالاکییەکەدا پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن کینیاس حەسەنۆڤەوە واژۆکرا و بەسەر ئامادەبووان دابەشکرا.