ڕەوشی تەندروستی دەڤریم ئایک زیندانی نەخۆشیە قورسەکان بەرەو خراپتر دەڕوات: دایکی داوای ئازادکردنی کرد

باری تەندروستی دەڤریم ئایک زیندانی نەخۆشیە قورسەکان کە ٧٦٪ کەمئەندامە، ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت. دایکی هۆلیا ئایک داوای کردووە یان بگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئانتالیا بۆ چارەسەری یان دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD)، هەزار و ٥٦٤ زیندانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا هەن و لەو ژمارەیە ٦٥١ کەسیان نەخۆشی قورسیان هەیە. دەڤریم ئایک تەمەن ٣٣ساڵ کە ٧٦٪ی لەشی کەمئەندامە یەکێک لەو زیندانیانەدایە.

ئایک کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە کاتی دابەشکردنی گۆڤاری ئۆزگور هاڵک (گەلێکی ئازاد) لە ئیزمیر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن" و "یارمەتیدانی ڕێکخستن" دەستگیرکرا. هەتا ئێستا لە زۆربەی زیندانەکان ماوەتەوە.

دەڤریم ئایک پێشتر لە زیندانی ئانتالیا باری تەندروستی تێکچووبوو، لە ساڵی ٢٠١٨ ئازادکرا، بەڵام لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ دووبارە دەستگیرکرایەوە و ڕەوانەی زیندانی ئەدرنە کرایەوە. ئایک کە بەهۆی نەخۆشی کرۆن دوو نەشتەرگەری بۆ کراوە، چاوێکی بەتەواوی لەدەستداوە و چاوەکەی تریش ٣٢ پلە بینایی لە دەست داوە. هەروەها گوێیەکانی بیستنیان ٥٠٪  دابەزییوە.

دایکی ئایک ڕایگەیاند کە زیندانییەکان بە کردەوەی هەڕەمەکی بەرپرسان لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون، هەروەها دەستەی چاودێری زیندان "پەشیمانی" بەسەر ئەو زیندانیانەی کە سزاکانیان تەواو کردووە دەسەپێنێ و ڕێگریی لە ئازادبوونیان دەکات.

هەروەها هولیا ئایک دایکی دەڤریم وتی: "دەبێت بە زووترین کات گۆشەگیری و کردەوەی هەمەڕەکی کۆتایی پێبێت، بە پێچەوانەوە وەزیری داد و ئیدارەی زیندان بەرپرسیار دەبن لە هەموو ڕووداوە نەرێنییەکانی ناو زیندانەکان. داوایان لێدەکەین با دڵی دایکان نەسووتێت، واز لەم زوڵمە بهێنن."