بۆرێل، گورجێستانی ئاگادار کردەوە: لەوانەیە دەرگای یەکێتی ئەوروپا بەڕوویدا دابخرێت

لە گورجێستان یاسای "کاریگەری دەرەوە" پەسەند کرا. جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداریدا لەوەی یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە لەم یاسایە و لەوانەیە دەرگاکانی بەڕووی ئەو وڵاتەدا دابخات.

پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکزامبۆرگ، بۆرێل لە لێدوانێکی دا وتی: "دەرگای یەکێتی ئەوروپا بەڕووی گورجێستاندا کراوەیە. بەڵام ئەگەر ئەم حکومەتە لەسەر هەمان ڕێگای پێشوو بەردەوام بێت، بەردەوام بێت لە کردەوەکانی، ئەو دەرگایانەی کە بەڕووی گورجستان دا کراونەتەوە دادەخرێن و گەلی گورجستان ڕووبەڕووی کاریگەری لێکەوتەکانی دەبێتەوە.

لە ٣ی حوزەیران دەسەڵاتدارانی گورجستان ئیلهامیان لە یاسایەکی توند کردنەوەی ڕووسیا وەرگرت و یاسای "کاریگەری دەرەوە"یان جێبەجێ کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، ماوەی چەند هەفتەیەک خۆپیشاندانی گەورە لە تفلیسی پایتەخت بکەوێتەوە و ڕەخنەی توندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەدوادا بێت.

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەردان و سەفەری دەیان بەرپرسی گورجێستانیان بۆ وڵاتەکەیان قەدەغە کرد. ئەم یاسایە لە دژی نزیکبوونەوەی گورجێستان لە ڕووسیا دەبینرێت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە تاوانبار دەکرێن.

پارتی دەسەڵاتدار کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێگەی کۆنەپەرستانەی گورجێستانی بەهێزتر کردووە، لە سەرەتای مانگی حوزەیران یاسایەکی پێشکەش کرد کە لە بواری پەروەردە و تەلەفزیۆن دا  "پڕوپاگەندەی ئێڵ جی بی تی" قەدەغە کردووە.