ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وەڵامی نامەیەکی سیناتۆر پاسکال ساڤۆدێلی دایەوە، کە تێیدا هاتبوو: فەرەنسا نابێت دەستبەرداری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت، بارۆ ئاماژەی بەوەدا، فەرەنسا کوردانی سووریا دەپارێزێت و بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
نامەکەی وەزیر بارۆ بۆ سیناتۆر ساڤۆدێلی بەم شێوەیەیە:
"پێویستە دان بە مافی هەموو کورداندا بنرێت
فەرەنسا گرنگییەکی تایبەت بە بارودۆخی کورد لە سووریا-هاوپەیمانەکان مێژووییەکەمان لە شەڕی دژی تیرۆردا دەدات، فشاری توند و خوێناویی بەشار ئەسەد لە دژی گەلەکەی کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بەردەوامە، بووە هۆکاری ئەوەی کە مەترسییەکانی تیرۆری داعش ڕوو لە زیابدوون بکەن، لە بەرامبەر ئەم هەڕەشەیەش وەک فەڕەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی شانبەشانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بێوچان شەڕمان کردووە، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئومێدێکی گەورەی دروستکرد، لە سووریای نوێدا کورد دەبێت بەتەواوی و وەک هاوڵاتییەکی یەکسان بەشداری لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەی سووریادا بکات، خاوەنی شووناسی خۆی بێت و بەتایبەتی مافە کەلتوورییەکانی بناسرێت.
پرۆسەی گواستنەوە لە سووریا دەبێت گشتگیر بێت
فەرەنسا سوورە لە گەیشتن بە قۆناغێکی گواستنەوەی سیاسی ئاشتییانە و گشتگیر. ئەمە لەلایەن سەرۆککۆمارمانەوە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا لە ٧ـی ئایار لە پاریس دووپاتکرایەوە. ئەم پرۆسە گواستنەوە سیاسییەش دەبێت هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا کۆبکاتەوە.
بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی هەیە
ئەو ڕێککەوتنە گرنگەی کە لە ١٠ـی ئاداردا لە نێوان دەسەڵاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا، هەنگاوێکی دەستپێکی ئەرێنییە، لەو ڕووەوە بە تێپەڕبوونی کات دەبێت یەکگرتنەوەی سووریا و یەکگرتنی کوردەکان بەدی بهێنرێت. ئێمە وەک فەرەنسا بە نێوەندگیری و پشتیوانی گفتوگۆ بەشداریمان لەم پرۆسەیەدا کردووە و بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی دانووستانەکان بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. لەو چوارچێوەیەدا، لە ٢٤ـی نیساندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە هەولێر کۆبوومەوە و بەردەوام لە پەیوەندیداین، لە میانی دیدارەکەدا باسمان لە ڕێ و ڕێبازەکان کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دانیشتوانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
نێوەندگیریمان لە نێوان تورک و کورددا کردووە
هەروەها هەوڵدەدەین کە یەکخستنی کوردانی سووریا لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەردا مسۆگەر بکەین، نێوەندگیرییمان لەنێوان کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە. لە گفتوگۆ بەردەوامەکانماندا داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەین هانی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدەن، کۆتایی بە دۆخی شەڕ بهێنن، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە شێوازێکی گونجاو بدۆزنەوە. هەروەها کارمان کردووە بۆ ئاسانکاری گفتوگۆکانی نێوان کوردانی سووریا و کوردانی عێراق."