یادی ئەحمەد کایا لەسەر گۆڕەکەی لە پاریس کرایەوە

لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییدا هونەرمەند ئەحمەد کایا لەسەر گۆڕەکەی بە مەراسیمێک بەبیرهێنرایەوە.

هونەرمەند ئەحمەد کایا، لە ١٦-١١-٢٠٠٠ لە شاری پاریس لە پایتەختی فەرەنسا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی پەرەلاچایس لە پاریس بەخاکسپێردرا.

لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند ئەحمەد کایادا، بە مەراسیمێک یادی ئەو هونەرمەندە کرایەوە، چەند ڕۆژ پێش ئێستاش گۆڕەکەی لەلایەن نەژادپەرستانەوە شێوێنرابوو.

مەراسیمەکە بە پێشەنگایەتی تەڤ-چاند پاریس، تەڤگەری ژنانی کورد لە فەرەنسا و کۆنسەی کوردانی دیموکراتیک لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، تێیدا گوڵتان کایا، هاوسەری ئەحمەد کایا،کوردان و دۆستانی کورد-فەرەنسا و چەندین کەس لە عاشقانی دەنگی کایا بەشداری مەراسیمەکەیان کرد.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی شۆڕش، گوڵتان کایا هاوسەری هونەرمەند ئەحمەد کایا لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا دڵخۆشی خۆی بە ئامادەبوونی عاشقانی دەنگی کایا دەربڕی و ڕاشیگەیاند: بەیەکەوەبوونمان و پشتیوانی ئێوە هێز بەمن دەبەخشێت، ئەگەر ئێمە یەکترمان خۆش بوێت دەتوانین ئەو ڕێگایە بەرەوپێش ببەین.

پاشان بێریڤان فورات وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کورد-فەرەنسا ئیدانەی هێرشی نەژادپەرستانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر گۆڕی کایا کرد و ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین کێ لە پشت ئەو هێرشانەوەیە، چۆن ڕێز نیشانی زیندووەکانی ئێمە نادەن، ئاواش ڕیز لە مردووەکانیش ناگرن.

بێریڤان فورات لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەحمەد کایا، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی سەید ڕەزای دێرسیمیشی بەبیرهێنایەوە کە لەهەمان ڕۆژدا ڕوویداوە و ڕاشیگەیاند: کایا وەکو سەید ڕەزای دێرسیم لەبەرامبەر فاشیزم و دکتاتۆری سەری دانەنواند.

مەراسیمەکە بە گوێگرتن لە میوزیکی هونەرمەندانی تەڤ-چاند کۆتایی هات.

ف.ق