'ئامانجی دەوڵەتی تورک لە ناو بردنی کورد و کوردستانە'

لە دژی داگیرکارییەکانی سەر باشووری کوردستان، مامۆستایان وتییان: "دەبێت پرسی نەوەتەوە و نیشتیمان لە پێش هەموو شتێکەوە بێت، پێکەوە دژی داگیرکارییەکان بوەستینەوە."

هەڵوێست دژ بە داگیرکاری

دەوڵەتی تورکی قڕکەر و داگیرکەر لە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە. لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی لایەنەکان مامۆستایان لە باشووری کوردستانەوە هەڵوێستی ناڕەزایەتییان دەربڕی، لەو بارەیەوە مامۆستا؛ سامان تاهیر و بەهادین عەبدول بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

'مەرامی داگیرکاری دەوڵەتی تورک زیندووکردنەوەی میساقی میللیە'

مامۆستا سامان تاهیر باسی لەوە کرد پێویستە دوور لە باوەڕی حیزب و لایەنگری خەمی نەتەوەکەمان  لە پێش هەموو شتێکەوە بێت و وتی:" بۆ هەر لەشکرکێشییەکی تورکیا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگە مێژووییەکەی کە دەیەوێت میساقی میللی جێبەجێ بکات. تورکیای نوێ بە چەندین ڕێگە هەوڵی داوە بە کلتووری و ئابووری و لە ئێستاشدا بە هێزی سەربازی هاتۆتە ناوچەکە، ئامانجی ئەوەیە ویلایەتی موسڵ  بگەڕێنێتەوە هەژموونی خۆی. ئێمە وەک تاکی کورد پیویستە بەرگری بکەین لەم خاکە کە لەسەری دەژیین، داگیرکەرانی کوردستان ئامانجیان ئەوەیە کورد و کوردستان لە ناوبەرن هەربۆیە بە هەموومانەوە دەبێت دژی ئەم لەشکرکێشیی و داگیرکارییە بوەستینەوە."

لە کۆتای قسەکانیدا مامۆستا سامان تاهیر تیشکی خستەسەر ئەوەی دەبێت کۆدەنگی هەبێت بۆ وەستانەوە دژی هەموو لەشکرکێشی و داگیرکارییەک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و وتی: "گەر ئێمە چەکی پێشکەوت و درۆنمان نەبێت بەڵام دەتوانین نەبینە چاوساغی داگیرکەران بۆ داگیرکردنی نیشتیمانەکەمان."

'داگیرکارییەکان قەوارەی هەرێم دەخنە مەترسییەوە نەک خۆپیشاندان کە مافی ڕەوای هاوڵاتییانە'

مامۆستا بەهادین عەبدول باسی لەوە کرد ئەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بووە بە مەترسی بۆ سەر قەوارەی باشووری کوردستان و وتی: "بەزاندنی سنوری خاک و دووبارە بوونەوەی کارەساتە مێژووییەکان قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، نەک داواکاری و خۆپیشاندانی گەل کە مافی ڕەوایە. پێم باشە چینی ڕۆشنبیران لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر دوو حیزبی دەسەڵات و بەغداد کۆببنەوە وەک نوێنەری گەل. چونکە ئەمە هێزێکی نێودەوڵەتیەوە دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراقەوە سنورێکی بۆ دابنێن، بەهۆی داگیرکارییەکانەوە سنوورەکانمان تێکدراون، هەرەوەها گوند و باخەکانمان سوتێنراون."