ئازادکردنی سوتپاک کە ٣١ ساڵە لە زیندانە بۆ شەشەمین جار دواخرا
ئازادکردنی سوتپاک کە ٣١ ساڵە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک ڕاگیراوە، بۆ شەشەمین جار دواخرا.
ئازادکردنی سوتپاک کە ٣١ ساڵە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک ڕاگیراوە، بۆ شەشەمین جار دواخرا.
سینان سوتپاک لە ٣ی ئایاری ساڵی ١٩٩٣ لە ناوچەی جورنەڕەش لە شاری ڕحا گیرا و لەو دۆسیەیەی کە لە دژی کرایەوە، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. دوای ئەوەی سوتپاک زیندانی کرا، ڕەوانەی زیندانەکانی ڕحا، سەمسور، بۆرسا، مەرەش و دواجار زیندانی یۆزگات جۆری T کرا. سوتپاک لە ٣ی ئایاری ٢٠٢٣ سزاکەی تەواو کرد، بەڵام بەهۆی ڕاپۆرتی لیژنەی کارگێڕی و چاودێری زیندانەکەوە کە "ڕەفتاری باش نییە" ئازادکردنی بۆ ماوەی ٣ مانگ دواخرا. ئازادکردنی سوتپاک لە مانگەکانی ئاب و تشرینی یەکەم و شوبات و ئایار، دیسانەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ دواخرا. چاوەڕێ دەکرا ئەمڕۆ ئازاد بکرێت. لیژنەی زیندان بۆ شەشەمین جار بە پاساوی "ڕەفتاری باش نییە" ئازادکردنی سوتپاکی بۆ ماوەی ٦ مانگ دواخست.
لە ٧ی تەمموزدا لیژنەی کارگێڕی و چاودێری پرسیاری لە سوتپاک کرد کە کاتێک دەردەچێت لە زیندان چی دەکات. سوتپاک ڕایگەیاندووە کە کاتێک لە زیندان ئازاد دەبێت دەچێتە گوندەکەی خۆی بژی. چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ سوتپاک کەمتر لە خولەکێکی خایاند.
لیژنەکە پاش کەمتر لە یەک خولەک لە چاوپێکەوتن، بە پاساوەکانی " کاتێک لە زیندان ئازاد دەبێت وزەی کەم دەبێتەوە، دوای چوونە ناو زیندان پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخستن نەپچڕاوە، نەبووەتە دانپێدانەر، دەستبەرداری باوەڕی ئایدیۆلۆژیی خۆی نەبووە، بە ڕوونی ڕێکخستنەکە وەک 'ڕێکخراوێکی تیرۆریستی' پێناسە ناکات،بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نییە، مەیلی ئەنجامدانی تاوانی هەیە" ئازادکردنی سوتپاکی بۆ ماوەی ٦ مانگ دواخست.