کەمپەینی "دادپەروەری بۆ کورد / Justice For Kurds" لە ماڵپەڕی (https://justiceforkurds.info) بە چەند زمانێک دەستیپێکردووە و بەڕێوەدەچێت. ئامانجی کەمپینەکە ئەوەیە لە ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا ٤ ملیۆن واژۆ کۆبکرێتەوە. واژۆکانیش بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی یەکێتیی ئەوروپا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەنێردرێن.
بۆ ئەوەی سیاسەتی تاوانبارکردن و تەریکخستن لە گۆڕەپانی نێونەتەوەی دا لە دژی تێکۆشانی ئازادیی کورد تێکبشکێنێت، گرنگە پەکەکە لەو لیستانە دەربهێنرێت. باشە، یەکێتیی ئەوروپا بە چ هۆکارێک پەکەکەی خستووەتە "لیستی تیرۆرەوە" لە قۆناغە قەیراناوییەکاندا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چی ڕوویداوە؟
ئەو پرۆسەیە بە بڕیاری قەدەغەکردن لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد
یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٣ دەوڵەتی ئەڵمانیا "یاسای کۆمەڵەکان"ی کردە پاساو و کارەکانی پەکەکەى قەدەغە کرد. هەرچەندە ئەڵمانیا لەو ساڵانەدا بە فەرمی پەکەکەی بە "ڕێکخستنی تیرۆریستیی" نەدەزانی، بەڵام دەرگاکانی دامودەزگا و کۆمەڵەکان و رێکخراوە کوردییەکانی قفڵ کرد و سزای زیندانی و پارەی بەسەر چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی کورددا سەپاند.
ئیدارەی ئەمریکا دوای چەند ساڵێک بڕیارە پێشبینکیراو و چاوەڕوانکراوەکەى لە دژی پەکەکە لە ١٠ی ئابی ١٩٩٧ بڵاوکردەوە. نوسینگەی "رێکخستنە تیرۆریستییە بیانیەکانی" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەکەکەی خستە لە ناو لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییە بیانیەکان". ئیدارەی کۆشکی سپی دوای ساڵێک لەو بڕیارە، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕووداوەکانی کاتی شەڕی پیسی ساڵەکانی ١٩٩٠ لە کوردستان و بڕیارەکانی دادگاکانی دەوڵەتی تورک کردووە بە پاسا و پەکەکەی خستە ناو "لیستی تیرۆر". دوای سێ ساڵیش بەریتانیا رێک بە هەمان ئەو پاساوانە لە دژی پەکەکە دەستبەکار بوو. سەرباری ئەوەی پەکەکە هیچ هێرشێکی توندوتیژانەی لە ئەمریکا و بەریتانیا ئەنجام نەدابوو، بەڵام لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٠٠دا بە بڕیاری ئیدارەی لەندەن پەکەکە خرایە "لیستی تیرۆر". کەنەدا و ژاپۆنیش لە ساڵی ٢٠٠٢دا، ئوسترالیاش لە ساڵی ٢٠٠٥ و نیوزلەنداش لە ساڵی ٢٠١٠دا، پەکەکەیان خستە ناو لیستەکانی خۆیانەوە.
پەکەکە لە لیستی یەکەمی یەکێتیی ئەوروپادا نەبوو
دوای هێرشەکانی قاعیدە لە ١١ی سپتەمبەری ٢٠٠١دا بۆ سەر تاوەرەکانی ئەمریکا، ئیدارەی واشنتۆن بە پاساوی "سنوردارکردنی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی" گوشاری خستە سەر یەکێتیی ئەوروپا. بەپێی بڕوای ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا لەسەر پرسی "شەڕی دژی تیرۆر" لاوازە. لەبەر ئەوەش لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠١دا یەکێتیی ئەوروپا لە ژێر گوشاری ئەمریکادا لیستێکی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکانی' دروستکرد.
لە لیستی یەکەمدا، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١دا راگەیاندراوە هەر یەک لە رێکخستنەکانی ئیتا، ڕێکخراوی ١٧ی تشرینی دووەمی یۆنان، حیزبوڵای لوبنان، جیهادی ئیسلامی و حەماس و بە گشتی ١٢ ریکخستنی لە خۆ گرتبوو. ئەو لیستە، کە تەنها ٦ مانگ مایەوە پەکەکەی تیادا نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک و هێزە جیهانییەکان دەستێوەردانیان کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی یەکێتیی ئەوروپا لە ٢ی ئایاری ٢٠٠٢دا رایگەیاند، پەکەکەش خراوەتە ناو لیستەکەوە.
تەنانەت تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیش خرایە ئەستۆی پەکەکە!
برۆکسل لە بەرامبەر دانوستانەکانی بۆ ئەندامبوونی ئەنقەرە لە یەکێتیی ئەوروپا، هەڵوێستەکانی خۆی گۆڕی. لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ ئەوەى پەکەکە بخرێتە ئەو لیستەوە پشتیان بە بڕیارەکانی دادگاکانی تورکیا بەست. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، ئەوان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠١٣دا، پەکەکە بە بەرپرسیاری ٦٨ ڕووداوی گرنگ دەزانن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو هێرشانە داتا و زانیاریی ڕوونیان نییە و تەنها گوێیان لە بانگەشەکان و ئیدعاکانی دەوڵەتی تورک گرتووە.
جگە لەوانەش لە لیستەکەى یەکێتیی ئەوروپادا تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیش خراونەتە ئەستۆی پەکەکە. لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، کە تەقینەوەى مینێک لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٠٩ لە چەلێی جۆلەمێرگ، کە ٧ سەربازی تیادا کوژرا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پەکەکەى لێکرا بە برپرس و خرایە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام دوای ماوەیەک تۆمارە دەنگییەکان لەبارەی ئەو تەقینەوەیەوە بڵاوکرانەوە و لە ئەنجامی دادگایی سەربازیدا ئەوە دەرکەوت، ئەفسەرەکان خۆیان مینەکەیان چاندووە. عەمید زەکی ئەس بەرپرسیاری ئەو رووداوە بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی سزا درا.
هەروەها لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٠٧ لە گوندی هەمان لە ناوچەى ئەلکێ لە پارێزگای وان تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کرا و ٧ جەردەوانی تیادا کوژرا. لە ڕاپۆرتی رێکخراوەکانی مەزڵوم دەر و ئیهەدە، کە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، بە ڕوونی ئاشکرایان کردووە، کە پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەوە نییە. دواتریش ئاشکرابوو، کە ئەو هێرشە لەلایەن سەربازانی تورکەوە پلانی بۆ دانراوە و بە جەردەوانەکانیش جێبەجێیان کردووە، یەکێتیی ئەوروپا بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بە زۆرەملێ ئەو رووداوەى بۆ ساڵەهای ساڵ خستە ئەستۆی پەکەکە.
یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە هیچ ئارگۆمێنتێکی ڕوونی لە دژی پەکەکە نییە
موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ڕێگەی پارێزەرە هۆڵەندیەکانیانەوە سکاڵایان لە دیوانی دادوەریی ئەوروپا لە لوکسەمبۆرگ تۆمار کرد. دەزگای دادی یەکێتیی ئەوروپا، کە وردبینیی بۆ سکاڵاکەى پەکەکە کردووە بڕیارەکەى خۆی لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بڵاوکردەوە.
دیوانی دادی یەکێتیی ئەوروپا بە پاساوی ئەوەی، کە بەریتانیا بەناوی یەکێتییی ئەوروپاوە سکاڵای لە دژی پەکەکە تۆمار کردووە و بەڵگەکانی خستووەتەڕوو، بڕیاریدا، کە پەکەکە ناتوانێت لە بەر ئەو هۆکارانە لەو لیستەدا بمێنێتەوە. لە دوای بڕیاری دادگا و دیوانی دادی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەریتانیا جارێکیتر سکاڵای تۆمار کردەوە و داوای کردەوە، پەکەکە لە لیستەکەدا بمێنێتەوە و بە هۆیەشەوە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەکەکە خرایەوە ناو لیستەکە.
بەڵام ئەمجارەش ئەنجومەنی وەزیرانی یەکێتیی ئەوروپا ئەو هۆکار و پاساوانەى لەبارەی رووداوە بەرچاوەکانی پێشترەوە دەرهێنا، کە کرابوونە پاساو و پەکەکەی پێ خرابوویە ناو لیستەکە. یەکێتیی ئەوروپا لە جیاتی ئەوە لیستەکانی ئەمەریکا و بەریتانیای بۆ "رێکخستنە تیرۆریستییەکان" لە دژی پەکەکە بەکارهێنا و بەپێی ئەوە پەکەکەیان لە لیستەکەدا هێشتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوروپا لە مانگی شوباتی ٢٠٢١دا دوای ئەوە پەکەکەی دووبارە خستەوە ناو لیستەکە، لەلایەن پارێزەرەکانی پەکەکەوە سکاڵا لە دژی دانانەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا تۆمار کرایەوە. لە ئێستادا لە لۆکسمبۆرگ ٣ دۆسیەی پەیوەندیدار بە پەکەکەوە هەیە، کاتێک بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢١دا دووبارە خرایەوە ناو لیستەکە، هەڵمەتی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا لە ئاستی جیهانی دا دەستی کرد و ئێستا ئەو هەڵمەتە بەبەرفراوانی بەڕێوەدەچێت.
دوابەدوای ئەو هەڵمەتە نێونەتەوەییە، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو دەستی پێکرد، تاوەکو ئیستا هەزاران کەسی وەک پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا، پەرلەمانتارانی وڵاتان و پەرلەمانە نیشتمانییەکان، سیناتۆرەکان، سەرۆکی پارتەکان، سەرۆک شارەوانییەکان، نوێنەرانی سەندیکاکان و یەکێتییەکان، ئەکادیمیستەکان و ڕۆژنامەوانان پشتیوانیان لە پەکەکە کردووە و رایانگەیاندووە، پێویستە ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆردا" دەربهێنرێت، چونکە ئەوە رەوایی بە توندوتیژییەکانی دەوڵەت لە دژی گەلی کورد دەدات.
ژ.ت