ئەمریکا زیاتر لە ھەزار پارچە شوێنەواری مێژووی رادەستی ئێران کردەوە

زانکۆی شیکاگۆ لە ئەمریکا زیاتر لە ھەزار پارچە شوێنەواری مێژووی بۆ ئێران گەڕاندنەوە کە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ئەخمینییەکان دەگەڕێتەوە.

ئاژانسی ئێرنای ئێران رایگەیاند، لێپرسراوانی ئەمریکا لە ولایەتی نیویۆرک دوای کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەزار و ١٠٠ پارچە شوێنەواری رادەستی مەسعود پزیشیکیان سەرۆکی ئێران کردەوە.

ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو پارچە شوینەوارانە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ئەخمینییەکان دەگەڕێتەوە کە لە سەدەی شەشی پێش زایینی بوون لە باشوری ولاتەکە و ئەمەش شەشەمین کاروانی شوێنەوارە کە ئەمریکا رادەستی ئێرانی دەکاتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، شوێنەوارەکان لەلایەن زانکۆی شیکاگۆوە ڕادەستی ئێران کراونەتەوە کە لە ساڵی ١٩٣٠ زانکۆکە لەکاتی لێکۆڵینەوە و پشکنیندا نزیکەی ٣٦٠ ھەزار پارچەی تابلۆی مێژووی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵ خۆیدا بردۆتەوە بۆ ئەمەریکا.