ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ: دەبێت ئەوروپا فشار لە تورکیا بکات

لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" کە لەنێوان ١١-١٢ی نیسان لە ڕۆما بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی پرسی کورد لەڕێگەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانەوە چارەسەر بکرێت.

لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەنێوان ١١-١٢ ی نیسان کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد بەڕێوەچوو. لە ئەنجامی گفتوگۆکانی کۆنفرانسەکەدا، ئەنجامنامەیەک ئامادەکرا و لەبەردەم بەشداربووان خوێنرایەوە.

ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بەم جۆرەیە:

لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆنفرانسی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" بە بەشداری ٣٦٠ نوێنەری پارتە سیاسییەکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و ئیکۆلۆژیا، پارێزەران، ڕێکخراوە یاساییەکان، چالاکوانانی ئاشتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا، ئەکادیمیستەکان، ڕۆژنامەنووسان، کەسانی ئایینی، دکتۆر و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ئاسیا و میسڕ و تورکیا و کوردستان، لەنێوان ١١ -١٢ ی نیسان بەڕێوەچوو.

'بانگەوازەکەی ئۆجالان، بەردەوامیی مسۆگەرکردنی ئاشتییە'

بەشداربووان بە کەیفخۆشییەوە پێشوازیان لە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کرد، کە ٢٧ ی شوبات لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە خرایەڕوو، وە پشتگیریان بۆ بانگەوازەکە دووپات کردەوە. هەروەها ٩ هەمین ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە، وەک درێژەپێدەری دڵسۆزی لایەنی کوردی بۆ ئاشتی هەڵسەنگێندرا.

دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بێ‌متمانەیی درووست دەکات

بەشداربووان بێ‌وەڵامی دەوڵەتی تورکیا بۆ بانگەوازەکەی ئۆجالان و ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە وەک مەترسییەکی جددی بینی.

لە تورکیا شەپۆلی گرتنی سەرۆکی شارەوانی و ڕۆژنامەنووس و پارێزەر و ئاشتیخوازان، بەئاشکرا ڕێبازی دەسەڵاتخوازی و تاکڕەوی حکومەتی تورکیا نیشان دەدات. ئەمەش بەرامبەر ئەو لێدوانە سیاسییانەی دەربارەی دەسپێکردنی قۆناغی ئاشتی داویانە، بێ‌متمانەییەک درووست دەکات.

هەروەها هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سەنگەرەکانی گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە و هەواڵەکان دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دیسان لە ڕۆژەڤدایە.

لە کۆنفرانسەکەدا ئاستەنگ و ئەنجامە ئەرێنییەکانی دوو ساڵی دوایی کەمپەینەکە بە فراوانی تاوتوێکرا. ئەو کەمپەینە کیشوەرییەی کە بە چەندین چالاکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو، ڕێخۆشکەر بوو بۆ فشارخستنەسەر کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی و حکومەتی تورک.

ئایدیای کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ئۆجالان، ئیلهامبەخشە

لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوە ئایدیاکانی ئۆجالان سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، ئازادیی ژنان، ئیکۆلۆژیا، فرەڕەنگی و دیدگا نوێیەکان بۆ پێکەوەژیان، بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو جیهان.

ئەمڕۆ تێکۆشان بۆ ئازادی ئۆجالان، چانسی سەرکەوتنی بانگەوازی مێژوویی ئۆجالانی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک زیاتر کردووە. ئازادی ئۆجالان مەرجێکی پێویستە بۆ چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد و ئەمەش زەمینە بۆ پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن لە تورکیا خۆش دەکات.

دیموکراتیکبوونی تورکیا گۆڕانکاریی ئەرێنی بۆ سوریا، ڕۆژئاوا، عێراق، باشووری کوردستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە سەردەمێکدا کە سیاسەت بەرەو ڕاستڕەوی دەڕوات و بێ یاسایی و وێرانکاری ئیکۆلۆژی و دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان لە ئاستی جیهانیدا زیاتر دەبێت، ئۆجالان لە قەیراناویترین هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێزی کۆمەڵگا بە دەرفەتێک بۆ ئاشتی دەبینێت. بۆیە بانگەوازەکەی بۆ ئێمەیە. ئەو بانگەوازەی ئۆجالان هەلێکە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێکە لە هەرێمە هەرە گرنگەکانی جیهان.

پێشنیارەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد

بۆ چارەسەری پرسی کورد لەڕێگەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانەوە، دەبێت ئەم پێشنیارانە جێبەجێ بکرێن:

١- بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا لەڕێگەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەست پێ بکات و پرۆسەیەکی ئاشتی جددیتر بەرەوپێش ببات، دەبێت فشاری سیاسی لەسەر حکومەتەکانی ئەوروپا بگاتە لوتکە و بەهێزتر بکرێن.

٢- خەبات بکرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئیتاڵیا، لە سەرانسەری جیهان، ڕەگەزنامەی فەخری بە ئۆجالان ببەخشرێت.

٣- بە پێشەنگایەتی سەندیکا و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان لە پایتەختەکاندا، کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە ٢ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا، بکرێتە ڕۆژی چالاکیی جیهانی.

٤- کۆنسێرت و سیمینار بۆ ئازادی ئۆجالان ئەنجام بدرێت.

٥- ئۆجالان کاندیدبکرێت بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.