ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق کۆبووەوە، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا لەشکرکێشی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان تاوتوێ کرا، سودانی بڕیاریدا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەوشەکە شاندێک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەپێناو گەیشتن بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو دەربارەی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول لە ڕاگەیاندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و دووپاتی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا لەشکرکێشی سوپای تورک بەتوندی ڕەتکراوەتەوە.
هەروەها ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردۆتەوە پێویستە تورکیا ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت و مامەڵەیەکی دیپلۆماسییانە لەگەڵ عێراق بکات.
هەروەها ئەنجوومەنەکە داوای لە هێز و لایەنە عێراقییەکان کردووە پشتگیری لە هەڵوێستی حکومەت بکەن دەربارەی ئەم پرسە، جەخت کراوەتەوە کە عێراق پشت بە دەستورو یاسا رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر خاكەكەی نادات.