ئەردۆغان یەکێکیدیکە لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیەکەی سێواسی ئازاد کرد

سەرۆککۆماری تورک رەجەب تەیب ئەردۆغان بە پاساوی 'نەخۆشی بەردەوام' سزای زیندانی کردنی خەیرەدین گولی هەڵوەشاندەوە، کە لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی سێواس سزای زیندانی هەتاهەتایی دژوارکراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە سێواس لە ٢ی تەمووزی ١٩٩٣ دا ٣٣ کەس بە شێوەیەکی دڕندانە سوتێنران و تیرۆرکران. لەو دۆسیەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر خەیرەدین گول سەپێندرابوو و دواتر سزاکەی گۆڕدرابوو بۆ زیندانی هەتاهەتایی دژوارکرا.

سەرۆککۆماری تورک ئەردۆغان بە پاساوی ئەوەی 'بەردەوام نەخۆشە' سزاکەی گولی هەڵوەشاندەوە. بە واژۆی ئەردۆغان بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بلاوکرایەوە.

ئەردۆغان لە ٣١ی کانونی دوەمی ٢٠٢٠دا سزای ئەحمەد توران کلیچیشی لابردبوو. لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی سێواسدا سزای زیندانی هەتاهەتایی دژوارکراو بە سەر ئەحمەد توران کلیچدا سەپێندرابوو.

هـ .ب