ئێشکگری دادپەروەری خزمی زیندانیان بەردەوامە

چالاکی ئێشکگری دادپەروەری خزمی زیندانیان و دایکانی ئاشتی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.

ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد لە شارەکانی ئەزمیر و وان و ئامەد و ئێلح و مێرسین بەردەوامە.

لە چالاکییەکاندا درووشم و پانکارتەکان بۆ سڵاوکردن لە بەرخۆدانی زیندانیان و شەرمەزارکردنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرانەوە.

لە چالاکییەکەی ئەزمیر یەکێک لە دایکی زیندانیان، فەهیمە پۆیراز کە سولەیمان پۆیرازی کوڕی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پێی گوتووە: "ئێمە لە زیندانین، تەنها ئێوە دەتوانن تێکۆشانی ئێمە لەنێو چوار دیواردا بگەیەننە گوێی هەمووان. پێویستە تەواوی گەلەکەمان دەست بدەنە دەستی یەک و دژی ناهەقییەکان دەنگ هەڵبڕن. ئەگەر یەکبگرین، دەتوانین سەربکەوین".

هەروەها لە چالاکییەکەی وان کاندیدی هاوسەرۆکی شارەوانی دەم پارتی، عەبدوڵا زەیدان پشتیوانی بۆ خزمی زیندانیان و زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن دەربڕی و گوتی: "داخوازی زیندانییەکان ڕەوان. پێویستە دەمودەست جێبەجێ بکرێن. زیاتر لە ٣ ساڵە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆشەگیرییەکی سەختدایە. داخوازی زیندانی و دایکانی کۆتایی هاتنی ئەم گۆشەگیرییە و بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە".

دایکان لە چالاکییەکەی ئامەددا بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە بە ڕۆژوو بوون، دووپاتیان کردەوە، تا ئەنجامێک بەدەست نەهێنن، دەست لە چالاکییەکەیان هەڵناگرن.

بەشێکی زۆر لە پارت و لایەنەکان سەردانی چالاکییەکەی ئێلحیان کرد و درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" بەرزکرانەوە.

لە چالاکییەکەی مێرسین، ئەندامی مەجلیسی دایکانی ئاشتی، ئەمینە ئەرەن لە چالاکییەکەدا بانگەوازی لە کوردانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد: "ئەوەی بەڕێز ئۆجالانی ڕادەستی تورکیا کرد، ئەوروپایە، بۆیە دەبێت گەنجانی نیشتەجێی ئەوروپا لەبەردەم سی پی تی، ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان بپرسن و تێکۆشان لە ئەوروپا مەزنتر بکەن".