ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار ٥٢ ڕۆژە بەردەوامە

ئەمینە شەنیاشار کە هاوژین و ٢ کوڕەکەی لەلایەن پاسەوان و کەسوکاری پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە، ئیبراهیم خەلیل یەڵدزەوە کوژران، بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران و ئازادبوونی کوڕەکەی دیسانەوە لەبەردەم وەزارەتی دادی تورکیا دەستی بە ئێشکگری دادپەروەری کردەوە.

رۆژی ١٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، کەسوکار و پاسەوانەکانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لە ڕحا، لە ناوچەی پیرسوس هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لەو هێرشەدا هاوژین و دوو کوڕی ئەمینە شەنیاشار بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران. ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەی پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) فەرید شەنیاشار کە بە برینداری لە هێرشەکە دەربازی بوو، ئێشکگری دادپەروەریان گواستەوە بۆ بەردەم وەزارەتی داد، ئێشکگرییەکە لە ڕۆژی ٥٢ هەمیندا بەردەوامە.

ئەمینە شەنیاشار لەسەر کورسی جووڵاو لەگەڵ کوڕەکەی لەبەردەم پەرلەمانەوە بەرەو بەردەم وەزارەتی داد ڕێپێوانیان کرد. شەنیاشار تابلۆی "دادپەروەری" هەڵگرت و لەبەردەم وەزارەتی داد دانیشت. شەنیاشار داوای کرد، فازڵ شەنیاشاری کوڕی ئازاد بکرێت.