ئێشکگریی ئازادی بە دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ١١ ساڵە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بە بڕیارداری و پێداگرییەوە بەردەوامە.
چالاکییەکە هەموو هەفتەیەک لەلایەن کۆمەڵێک کورد و دۆستانیانەوە لە گۆڕەپانێکدا لە ستراسبۆرگ بەڕێوەدەچێت، کە دامەزراوە ئەوروپییەکانی تیادایە، چالاکوانانی هەفتەی ٥٣٣هەمین گروپێکن لە ئەندامانی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە هۆڵەندا (نەجەدەکە / NCDK) و تەڤگەری ژنانی کورد لە هۆڵەندا (تەژەکە / TJK).
گروپەکە پێکهاتوون لە حسێن یڵدز، دایکی شوکران و شیرین فارقین.
"ڕێبەرەکەمان لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە"
حسێن یڵدز ئەندامی نەجەدەکە بەناوی گروپەکەوە وتی، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە گۆشەگیرییەکی تووند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە و وتیشی: "بە ناوی گروپەکەمان لە هۆڵەنداوە، ئێمە چالاکییەکەمان بۆ ڕێبەرایەتی وەرگرت. ڕێبەرایەتی دوای ئەوەی بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی ڕادەستی تورکیا کرا، لەو کاتەوە لەژێر گۆشەگیری و فشارێکی قورسدایە. جیهانیش بەرامبەر ئەوە بێدەنگە. ماوەی ٢٥ ساڵە سیستەمی سەرمایەداری لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێبەرەکەمان لە خەڵک داببڕێت و ئەرکی پاسەونێتیکردنی ئەو ئامانجەی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردووە".
حسێن یڵدز ڕایگەیاند، ئەو تێکۆشانەی بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت بەس نییە و وتی: "ئێمە نەمانتوانی بەرپرسیارێتیەکانمان جێبەجێ بکەین".
یڵدز داوای لە هەمووان کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکەن و وتی: "ئێمە وەک گەلی کورد و بزووتنەوەکە، تا ئێستا نەمانتوانیوە رێبەرەکەمان ئازاد بکەین، واتە لە ڕووی ویژدانی، ئەخلاقی و ڕاستییەوە نەمانتوانیوە ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین. لە ئێستاوە وەک هەموو کەسێک و گەلی کورد ئەرکی سەرەکیمانە ڕێبەرەکەمان ئازاد بکەین و بەم شێوەیە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین".
"ئامانجمان ئازادیی ڕێبەرەکەمانە"
حسێن یڵدز ڕایگەیاند، ئەوان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد بەشدارییان لە چالاکیی ئێشکگریی ئازادی دا کردووە و وتی، "بۆ ئەو ئامانجە لێرەین. ئێمە ناچارین لە هەموو گۆڕەپانێکدا خەبات و تێکۆشان لە دژی شەڕی تایبەتی سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمی فاشیستیی داگیرکەری بەڕێوەببەین و بەرەنگاری بکەین و ڕێبەرەکەمان ئازاد بکەین".
"ئازادیی ئێمە پەیوەستە بە ئازادی ڕێبەرەکەمانەوە"
دایکی شوکرانی ئەندامی تەژەکە چالاکوانێکی تری ئەم هەفتەیەی ئێشکگریی ئازادییە و وتی: "ئازادیی ئێمە پەیوەستە بە ئازادی رێبەرەکەمانەوە".
دایکی شوکران وتی: "من بە ناوی ژنانی کورد لە هۆڵەندا بەشداریم لەم ئێشکگرییەدا کردووە. ئێمە دەمانەوێت ڕێبەرەکەمان دەستبەجێ ئازاد بکرێت. ئازادی ئێمە پەیوەستە بە ئازادی ڕێبەرەکەمانەوە. دەبێت ئەو لە ناو چوار دیوار و لەژێر گۆشەگیریدا ڕزگار بکرێت. من بانگەوازم بۆ ژنان ئەوەیە، بەشداری لەم چالاکیی ئێشکگرییەدا ببن بۆ ئەوەی کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەرەکەمان بهێنین".
ژ.ت