ئەوانەی ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکەن
نیهاد پالاندۆکەن باوکی هێلین پالاندۆکەن، کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا کوژرا وتی، لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوزی دەکەن.
نیهاد پالاندۆکەن باوکی هێلین پالاندۆکەن، کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا کوژرا وتی، لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوزی دەکەن.
لە ماوەی دەسەڵاتی ئاکەپەدا، توندوتیژی دژ بە ژنان، کوشتن و "گیان لەدەستدانی گوماناوی" ژنان زیادی کردووە. یاسای ژمارە ٦٢٨٤ ، کە بۆ سزادانی بکوژانی ژنان دیاریکراوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بێکاریگەر کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە، پارتی یەنیدەن ڕەفا و وودا پار، کە بە دوژمنایەتیکردنی ژنان ناسراون، چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەی ئاکەپە و مەهەپە.
هێلین پالاندۆکەن لەلایەن پیاوێکەوە بە ناوی مستەفا یەتگین لە کاتی هاتنە دەرەوە لە قوتابخانە بە چەک کوژرا. هێلین تەمەنی ۱۷ ساڵ بوو. ساڵێک دوای کوشتنی پالاندۆکەن، ژنێکی گەنج بە ناوی ئایسون یڵدرم لە نهۆمی سێیەمی ئەو بینایەدا، کە کاری تیادا دەکرد کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. بنەماڵەی ئایسون یڵدرم داوای لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کرد، بەڵام لەلایەن دادگاوە داواکارییەکانیان ڕەتکرایەوە. لە ئەنجامی خەباتی ڕێکخراوەکانی ژنان، گومانلێکراوەکان ئاشکرا بوون، بەڵام دادگا داوای لێکۆڵینەوەکردن لە تاوانبارانی ڕەتکردەوە.
پارتی چەپی سەوز دەبێت لە پەرلەماندا بەهێز بێت
نیهاد پالاندۆکەن بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، کچەکەی بە چەکێک کوژراوە، کە لە ئینتەرنێت دا کڕدراوە. ڕاشیگەیاند، ژمارەی کەسی چەکدار لە تورکیا زیادی کردووە و لەسەر ئینتەرنێت بە ئاسانی چەک دەفرۆشرێت. پالاندۆکەن وتی، "ئێمە لە دژی ئەوە تێکۆشان و کەمپەینمان بۆ داماڵینی چەکی کەسی کرد. ئامانجی ئێمە ئەوەیە، کە ئەم سیستەمە بێسوود و پووچە لەناو ببەین. ماوەیەک لەمەوبەر، چووم بۆ کۆبوونەوەکە لەگەڵ کەمال قلیچدارئۆغڵو. بۆ ڕاوەستاندنی چەکدارکردنی خەڵک و کوشتنی ژنان، بۆ جێبەجێکردنی ڕیککەوتننامەی ئیستەنبوڵ و یاسای ٦٢٨٤ بەڵێنێکمان پێدرا. ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر دەسەڵات بگرێتە دەست ئەو کارانە دەکات، بۆیە دەنگی ئێمە بۆ قلیچدار ئۆغڵو و پارتی چەپی سەوزە. کاتێک پارتی چەپی سەوز لە پەرلەماندا بەهێز بێت، زۆر کاریگەریی دەبێت. کاتێک ئەم سیستەمە هەڵبوەشێتەوە، هەموو شتێک دەگۆڕێت."
بۆ ئەوەی ژنان نەکوژرێن
حوسێن یلدرم ڕایگەیاند، کچەکەی بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە و وتی، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، بکوژەکەی دادگایی نەکراوە. یڵدرم وتیشی: "پشتیوانی لە بکوژەکان دەکرێت. بۆ پێکهێنانی دادپەروەری، بۆ مافەکانی ژنان، بۆ مافەکانی ستەملێکراوان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، ئێمە پشتیوانی لە قلیچدار ئۆغڵو و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز دەکەین. بۆ ئەوەی ژنان لەم وڵاتەدا نەکوژرێن، دەبێت یاساکان بە بەهێزی جێبەجێ بکرێن."
ژ.ت