یەژا ستار: ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕۆژبوونی ئیرادەی ئازادە

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار، ٧٦ هەمین ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆی لە ژنان و گەلان پیرۆز کرد و ڕایگەیاند بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، وەک یەژا ستار تیکۆشانیان مەزنتر دەکەن.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی یەژا ستار بە ناونیشانی " ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕۆژبوونی ئیرادەی ئازادە" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ٤ ی نیسانی پیرۆز کرد.

لە سەرەتای پەیامەکەدا دەڵێت: "بەبۆنەی ٧٦ هەمین ساڵیادی ئیرادەی ئازاد، واتە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆوە، ئەم ڕۆژە لە تەواوی گەلان و ژنان، بەتایبەت ژنانی کورد و گەلی کورد پیرۆز دەکەین. ئەم ٧٦ ساڵەی لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا ژیان دەکرێت، لەسەر بناغەی بەها جەوهەرییەکان، سەرلەنوێ ئافراندنی مرۆڤی ئازادە. ئەو ئیرادەیەی لەنێو دڵی ڕێبەر ئاپۆوە هەڵدەقووڵێت، دەبێتە زەمینەی ئافراندنی ژنی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازاد!".

درێژەی پەیامەکە بەم جۆرەیە:

"مێژووی جیهانی، بە لەدایکبوون و دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی گرنگی بەرەو ئازادی هاویشت. بۆیە بە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤایەتی زیاتر لە ئازادی نزیکتر دەبێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ کە چەندین جار سەرلەنوێ خۆی ئافراند، بە گوتنی خۆی؛ ڕۆژی ٤٠ جار لە کەسێتی خۆیدا شۆڕشی پێکهێناوە. ئەم شۆڕشە گۆڕا بۆ ئازادیی شۆڕشی ڕزگاریی ژن، شۆڕشی نەتەوەی دیموکراتیک و لە واتای گشتییدا بوو بە شۆڕشێکی ئەنتەرناسیۆنال.

ڕێبەر ئاپۆ لە کەسێتی خۆیدا پیاوسالاری کوشت

ژیان و تێکۆشانی ٧٦ ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ، بەتایبەتی دژ بە کۆیلایەتی ژن، دەستێوەردانێک بوو کە چەرخی ئێستای بەپێچەوانەوە سووڕاند. لە هەڤاڵێتی منداڵی ئەلیفەوە تا ساراکان، لە زیلان و بێریتانەوە تا دوا شەهیدەکانمان، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە ڕاستەقینەترین هاوڕێ بووە بۆ هەموو ژنانی کورد و ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. ڕێبەر ئاپۆ لە کەسێتی خۆیدا پیاوسالاری کوشت و سنووری ڕەگەزی تێپەڕاند. بۆیە ڕەنجێکی بێهاوتای بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە سیستەمی ستەمکاری نیشان دا و ڕێگای بۆ شۆڕشی ژنان خۆش کرد.

کوردی لە چەنگی قڕکردن ڕزگارکرد

بە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، کوردانی ژێر چنگی قڕکردن، بوونە خاوەنی پاراستن و زانست و تا دەهات زیاتر لە چەنگی قڕکردن دوورکەوتنەوە. کوردان کە لەنێو چاڵی نکۆڵی و پاکتاودا دوا هەناسەیان هەڵدەمژی، ڕێبەر ئاپۆیان وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاری بینی و لەدەوری کۆبوونەوە. بۆیە چەندین ساڵە، گەلی کورد و ژنان و کۆمەڵگە لە تەواوی جیهاندا، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕۆژبوونی خۆیان دەبینن و پیرۆزی دەکەن.

لە یەکەمینەوە تا دوایین لەدایکبوون، سنوورەکانی تاکایەتی و ڕەگەزی تێپەڕاند

ڕێبەر ئاپۆ ئازادترین مرۆڤە کە چارەنووسی خۆی نووسیوە و ئەو چارەنووسەی کە سەردەستەکان چاندیان لە ڕەگەوە هەڵوەشاندەوە و پووچەڵی کردەوە. هەر لە منداڵییەوە تیکۆشانێکی دژوار بۆ ئازادی دەکات. لە ناو ئەو تێکۆشانەدا ژیانی خۆی بە سێ لەدایکبوون وەسف کرد. ڕێبەر ئاپۆ لە یەکەم لەدایکبوونەوە تا دوایین لەدایکبوونی، سنووری تاکایەتی و ڕەگەزی شکاند، هەموو ڕووداوەکانی ناو مێشک و ناخی پاککردەوە و کردی بە موڵکی ژن و کۆمەڵگا.

تەنانەت لە ماوەی ٢٦ ساڵی گۆشەگیری ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونە ئازادەکانی خۆی بەردەوام کرد. هێزی کەسێتی ئازادی نیشان داین، کە هیچ سیستەمێکی دیلێتی ناتوانێت بە دیل بیگرێت. لە هەلومەرجی ئیمراڵیدا پارێزنامەکانی پیاوی ئازاد و ژنی ئازاد و کۆمەڵگەی ئازادی نووسیوە. لێرەدا گرنگترین هەنگاوی پارادایمی و فیکری و زانستی خۆی ناوە.

ئەوەتا ئەمڕۆش مێژوو شایەتحاڵی لەدایکبوونێکی ترە لەناو دیوارەکانی ئیمراڵیدا. ڕێبەر ئاپۆ جارێکی تر هەنگاوێکی مێژوویی دەنێت کە بە پێشەنگایەتی ژنان، ئازادی بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت. بۆیە ئەمڕۆ ئەم هەنگاوە نوێیە لەلایەن هەموو ژنان و کۆمەڵگا و گەل و ڕۆشنبیرانی جیهانەوە پاڵپشتی دەکرێت. هەموو ئازادیخوازان و دیموکراتەکان ئەم هەنگاوە وەک لەدایکبوونێکی نوێ دەبینن و بە هیوای زۆرەوە پێشوازی لێ دەکەن.

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لەژێر ناوی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ڕاگەیەندرا، لە نەورۆزی ئەمساڵدا جێ‌پەنجە و ناوی خۆی بەجێهێشت. نەورۆز کە هەموو ساڵێک وەک ڕیفراندۆمی گەلان بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ جارێکی دیکە هێزی ڕێبەر ئاپۆی بە قەبارەیەکی جەماوەریی بە هەموو جیهان نیشان دا. وەک چۆن ئێمە هێزی خۆمان لە ڕێبەر ئاپۆ وەردەگرین، ئەوەی کە هێزی ڕێبەر ئاپۆش دەستنیشان دەکات، پشتیوانی ژن و گەلانە.

گۆڕەپانەکانی نەورۆز تەختی فاشیزمیان لەبنەوە هەژاند

لەم ڕووەوە، گۆڕەپانەکانی نەورۆز بە پێشەنگایەتی ژنان، ئیرادەی گەلانی بەڕوونی نیشاندا و تەختی فاشیزمی لەبنەوە هەژاند. لەم گۆڕەپانانەی نەورۆز داخوازی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوون و ڕاشکاویی پیشاندرا. گەلان و بەتایبەت ژنان کە دەزانن دیلێتی ڕێبەر ئاپۆ دیلێتی ئەوانە و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ئەوانە، بەشێوەی جەماوەر داوای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، واتە داوای ئازادیی خۆیان دەکەن.

هەڵبەت بۆ ئەوەی ئاشتی و ئازادی و ئەم ئیرادەیە لە بندەستی ستەمکاران نەمێنێتەوە. ئەوەی ئازادی و ئاشتی بەدی دەهێنێت، ئەم ئیرادەیەی نێو گۆڕەپانەکانی نەورۆز دەبێت. بۆیە دەبێت بەباشی لەو هەنگاوە تێبگەین کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە و بە درووستی جێبەجێی بکەین. نابێت چارەنووس و ئاشتی و ئازادیمان لەژێر دەستی دوژمناندا بهێڵین.

بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، میراتی شەهیدان بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین

بۆیە وەک هێزەکانی یەژا ستار، دەڵێین ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژبوونی ئێمەیە، واتای هەبوونی ئێمەیە. بۆیە ئەو ئیرادەیەمان هەیە، کە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، لە زیلان و بێریتانەوە تا ئاسیا عەلییەکان، میراتی شەهیدانمان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. بێگومان ئەرکی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی ئازادیمان دەگەیەنین بە زەمینەی ئازاد و دیموکراتیک.

دیسانەوە ٧٦ هەمین ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلان، ڕێبەر ئاپۆ لە تەواوی ژنان و گەلان پیرۆز دەکەین. وەک هێزەکانی یەژا ستار، بۆ بەدیهاتنی دەستبەجێی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانمان بڵندتر دەکەین. بۆ بەدیهێنانی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەوپەڕی هێزەوە ڕاوەستە لەسەر خەبات و ئەرکەکانمان دەکەین".