ئۆزتورک: گەلی کورد جارێکی دیکە وتی، دیموکراسی و دادپەروەری!

بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز وتی، سەرەڕای بەربەستەکان و کردەوە نەگونجاوەکان، گەلی کورد ڕێگای سێیەمیان هەڵبژارد و لە هەڵبژاردنەکاندا جارێکی دیکە وتی، پێکەوە ژیان، ژیانێکی شکۆمەندانە، دادپەروەر، دیموکراسی و ئاشتییانە.

بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی لە ئامەد شیکاریی بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیان کرد و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، سەرەڕای بەربەستەکان و رێگرییەکان، گەلی کورد جارێکی دیکە هەڵوێستیان بە لایەنی دیموکراسییەوە دانا.

ئۆزتورک ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکانی پارتی چەپی سەوز دزراون و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن و ڕاشیگەیاند، پێشێلکاریی مێشک و عەقڵییەتی قەیوم دۆخێکی سەرسوڕهێنەر نییە. تا ئێستا هیچ کارێکی نایاسایی و پێشێلکارییەک نەماوە ئەنجامی نەدەن و وتی: "ماوەی ٨ ساڵە بەردەوام لە دژی ئێمە، واتە لە دژی هەدەپە، بەدەپە و کەجەدە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت. بەهۆی کەیسی داخستنی هەدەپە لە دادگای دەستووری، ئێمە بە ناوی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداریمان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی مەهەپە لە پێش هەڵبژاردنەکان، کە نابێت هەدەپە نوێنەر و ئەندامی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان هەبێت، هەروەها نەبوونی نوێنەرایەتی پارتی چەپی سەوز لە پەرلەماندا بووە هۆی ئەوە، نەمانتوانی نوێنەر و ئەندام لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دابنێین. ئێمە تەنها چاودێرمان هەبوو. لە هەموو ئەو سندوقانەدا، کە پێشێلکارییان تیادا ئەنجامدراوە، دەنگەکانمان کراون بە دەنگی مەهەپە. ئەو ڕاپۆرتە مۆرکراوانە، کە لە بەردەستی ئێمەدان لەگەڵ ئامار و داتاکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان (یەسەکە)دا نایەنەوە. چونکا پێشتر ئامادەکاری کراوە بۆ ئەو ساختەکارییە".

'کاروبارەکانی هەڵبژاردنی ئیمە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێگرییان بۆ دروستکرا'

ئۆزگۆرک ڕاشیگەیاند، دەوڵەت لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا چەندین بەربەست و ڕێگریی بۆ دروستکردین و ئەوەشی ڕاگەیاند، تەنانەت بەهۆی گوشارەکانەوە ناچاربووین کۆبوونەوە جەماوەریەکەی ئەرغەنی هەڵبوەشێنینەوە.

'گەلی کورد لە دژی هەڵوێستی خوێنڕژانە وەستایەوە'

ئۆزتورک ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەو بەربەستانە، گەلی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا هەڵوێستێکی ڕوون و دیاریکراوی گرتەبەر و وەڵامی فاشیستەکان و دوژمنەکانی کوردی دایەوە و بەرگری لە بەرامبەر سیستەمەکەی ئەردۆغان دا وەستایەوە. ئۆزتورک ئەوەشی وت، گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا ڕێگای سێیەمیان هەڵبژارد و وتیشی: "گەلی کورد لە دژی ئەو عەقڵییەتە وەستایەوە، کە ٨ ساڵە خوێن دەڕژێت. گەلی کورد بەو هەڵوێستەی خۆی پێکەوە ژیان، دیموکراتیک، ئاشتیخوازی و شکۆدارییان هەڵبژارد، بۆیە پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەو بڕیارە بگرن."

ژ.ت