ڕژێمی ئێران لە بەلوچستان دەیان کەسی کوشتووە

بەپێی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران لە پێکدادانەکانی دوێنێی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران دا ١٩ کەس کوژراون، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت، کە ژمارەی کوژراوەکان ٣٦ کەسە.

چالاکیی ناڕەزایەتیی لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٥هەمین ڕۆژدایە. دوێنێ بەتایبەتی لە سیستان و زاهیدان، کە ناوەندی بەلوچستانە خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەپێی ئامارێکی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە خۆپیشاندانەکان و توندوتیژییەکانی ئەمدواییەدا ٥٢ کەس کوژراون.

بەپێی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران تەنها لە پێکدادانەکانی دوێنێ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران ١٩ کەسی کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە خەڵکێکی زیاتر کوژراون.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی زاهیدان کردووە و بەلایەنی کەمەوە ٣٦ کەس کوژراون، کە منداڵ و ژنیشیان لە ناودایە و بەلایەنی کەمیشەوە ٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

هاوکات هێڵەکانی ئینتەرنێت بڕاون و سەربازێکی زۆر لە شارەکەدا بڵاوەی پێکراوە.

کەناڵی کۆڵبەر نیوز لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، دوای کۆمەڵکوژییەکەی سیستان و بەلوچستان، فەرماندەیەکی هەواڵگریی سوپای ئێران بە ناوی عەلی موسەوی لە لایەن 'گەنجانی شۆڕشگێڕ'ەوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاکانیش، ژمارەیەکی تر لە خۆپیشاندەران، هونەرمەندان و یاریزانی ناوداری تۆپی پێ، کە یەکێکیان حوسێن ماهینیی یاریزانی تۆپی پێیە، دەستگیرکراون.

بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە لەوڵاتدا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە. بە وتەی شایەتحاڵان، خۆپیشاندان لە ژێر بانیژەى ماڵان لە کۆڵانەکان و شەقامەکاندا بەڕدەوامیی هەیە.

ژ.ت