ڕۆژنامەنووس دیلان کارتاڵ داواکاری پێشکەش بە ئیهەدە کرد: ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە
ڕۆژنامەنووس دیلان کارتاڵ کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگری لێکراوە، داواکاری پێشکەش بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئیهەدە کرد.
ڕۆژنامەنووس دیلان کارتاڵ کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگری لێکراوە، داواکاری پێشکەش بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئیهەدە کرد.
لە ڕۆژی نەورۆز، پۆلیسی ئامەد هەڕەشەی دەستگیرکردنی لە ڕۆژنامەنووس دیلان کارتاڵ کرد. دواتر لەلایەن پۆلیسەوە خرایە بن چاودێرییەوە و لە ١٦ی نیساندا رێگری لە کارەکانی کرا. بەو بۆنەوە دیلان کارتاڵ داواکاری پێشکەش بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئامەد کرد.کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا (MKG) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات(DFG) سەبارەت بەو پرسە لە نووسینگەی ئیهەدە لێدوانیان دا.
ئەرجان یڵماز، بەرپرسی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، پۆلیس لەم دواییانەدا بە بیانووی "سیخوڕی" گوشارەکانی بۆ سەر زۆرێک لە سەندیکاکان، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ چڕ کردووتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئیهەدە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤بەدواوە، لانیکەم ٨٧ کەس ڕووبەڕووی گوشارەکان بوونەتەوە، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم جۆرە ڕووداوانە پێشێلکردنی مافی ئازادی تاکە. بەوبۆنەوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری ئامەد دەکەین؛ پێویستە لێپرسینەوە لەو هێزە ئەمنییانە بکرێت کە گوشار دەخەنەسەر هاوڵاتیان."
هەروەها ڕۆژنامەنووس دیلان کارتاڵ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بە هەوڵی تاوانبارکردنی ڕۆژنامەنووسی دەیانەوێت وامان لێبکەن لە ئەرکەکانمان پاشەکشە بکەین، دەیانەوێت لە بڵاوبوونەوەی ڕاستییەکان ڕێگری بکەن، ئێمەش هەموو هەوڵەکانمان گەیاندنی ڕاستییەکانە، ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە.
ڕۆزا مەتینا سەرۆکی MKG لەو بارەوە ڕایگەیاند کە بەساڵانە گوشار لەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووس هەیە و وتی: "سبەی ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی کوردە، ئەگەرچی گوشارەکان هێشتا بەردەوامە، پێویستە یاسا مافی هەموو ڕۆژنامەنووسان پەسەند بکات، ئێمە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە دژی ئەم پێشێل کارییانە دەوەستینەوە و هەوڵدەدەین هاوڕێەکانمان بپارێزین، بێگومان گوشارەکان پاشەکشەمان پێناکەن، ئێمە خاوەنداری لە ڕۆژنامەنووسان دەکەین."