یەکێتی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا (یەژەکە – ئە / YJK-E) ڕۆتی هیلف (هاوپشتیی سوور / Rote Hilfe) و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی سەر بە کەمپەینی راپەڕە بۆ رۆژئاوا (Riseup4Rojava) وەک زۆربەی ناوچەکانی جیهان، لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیاش بە رێپێوان و میتینگ پێشوازییان لە ڕۆژی ١ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیی کۆبانێ کرد.
چالاکوانان بۆ پیرۆزکردنی رۆژی ١ی نۆڤەمبەر لە شەقامی لۆتنشلاگەر کۆبوونەوە، بەڵام هاوکات لە وێستگەى ناوەندی و چەندین شوێنی تردا پۆلیس بە جلوبەرگی تایبەتەوە بڵاوەیان پێکرا.
پێش دەستپێکردنی گردبونەوەکە پۆلیسی خۆیان لە دەوروبەری چالاکوانان ئامادە کرد بۆ هێرشکردنە سەر چالاکوانان. بیانوی پۆلیس بۆ هێرشەکەیان ئەوە بوو، کە پۆستەرەکان لە مەتر و نیوێک درێژترن! و داوایان لە چالاکوانان کرد پۆستەر و لافیتەکان لاببەن، بەڵام چالاکوانان لافیتە و پۆستەرەکانیان لانەبرد و پۆلیس لە بەرامبەردا رێگای نەدا رێپێوانەکە دەستپێبکات.
دوای هەندێک گفتوگۆ رێگا بە رێپێوانەکە درا، بەڵام ئەمجارە سەدان پۆلیس بە پاساوی وتنەوەى دروشم ٤ جار رێپێوانەکەیان راوەستاند. ئەو رێگری و بیانوانە تاوەکو شوێنی کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو. لەو نێوانەدا ٤ چالاکوان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
کەمپەینی راپەڕە بۆ رۆژئاوا (Riseup4Rojava) ئیدانەی ڕێگری و هێرشەکانی پۆلیسی کرد. گوشار، رێگری، لەمپەر و هێرشی پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ سەر چالاکیی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ هیچی کەمتر نەبوو لە دژایەتییەکانی پۆلیسی تورک.
سەرەڕای هەموو ئەمانە ژنان و گەنجان ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی کۆبانێیان بە ورە و ئیرادەیەکی گەورە و کۆڵنەدانەوە پیرۆزکرد.
چالاکوانان تا ئازادکردنی ٤ چالاکوانە دەستگیرکراوەکە شوێنی گردبوونەوەکەیان بەجێنەهێشت. چالاکییەکە ئێوارەی دوێنێ کۆتایی پێهات.
ژ.ت