بە دیمەن

ژینا ئەمینی لە شارەکانی ئەوروپا یادکرایەوە، سڵاو لە بەرخۆدانی زیندانیان کرا

ژینا ئەمینی لە چەند شارێکی ئەوروپا یادکرایەوە، لە چالاکییەکاندا سڵاو لە ئەندازیاری فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

ژینا ئەمینی کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کوژرا، لە چەند شارێکی ئەوروپا یادکرایەوە.

فرانکفۆرت

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا لەلایەن تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) و کژار و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی ئێرانەوە، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

لە ڕاگەیاندراوی تەژەکە-ئە ئاماژە بەوە کرا تا دێت ئێران زیاتر بە توندوتیژی وەڵامی داخوازییەکانی ژنان و چالاکوانان دەداتەوە، زیاتر پەنا دەباتە بەر لەسێدارەدان، سزای سێدارە وەک کەرەستەی ترساندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنێت. توندوتیژی دژی زیندانیان زیاتر دەکات. دەوڵەت کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ دەخات و دەیەوێت لەڕێگەی توندوتیژییەوە دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.

ستۆکهۆڵم

مەجلیسی ژنانی ڕووناک و مەجلیسی ژنانی ئامارای ستۆکهۆڵم چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەسەر ناوی مەجلیسی ژنانی ڕووناک و ئامارا قسە کرا.

لەسەر ناوی ژنانی باشووری کوردستان لە تاراوگە، ڕووبار یوسف گوتی: "پۆستەری ڕێبەر ئاپۆم لەدەستدایە. چونکە ئەندازیاری فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیە. ڕێبەر ئاپۆ بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئێمەی فێری تێکۆشان و هۆشیاری ژیانی ئازاد کرد".

هەروەها جەختی کردەوە خاوەندارێتی لە ژینا ئەمینی خاوەندارێتییە لە هەموو ژنان.

ئەمستردام

لە ئەمستردامی پایتەخی هۆڵەندا چالاکییەک ئەنجامدرا. خەڵکانی دەوروبەر بەدەمەوەهاتنێکی مەزنیان بۆ چالاکییەکە پیشاندا.

بەرلین

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی کژار و ژنانی خوێندکار ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. بەشێک لە ڕێکخراوەکان و ژنانی کورد و دۆستەکانیان بەشداربوون.

لە چالاکییەکەدا ئاماژە بەوە کرا سزای سێدارە زیادی کردووە، لە بەرامبەردا بەرخۆدان لە زیندانەکان بەردەوامە، شەڕ و ستەم لەسەر ژنان زیاتر دەبێت، بەرخۆدان بەهێزەوە بەردەوامە.

دواتر گرووپی ئەنتەرناسیۆنالیست گۆرانی کوردییان چڕی.

فرایبۆرگ

کۆمیتەی سۆلی کوردستانی فرایبۆرگ و مەجلیسی ژنانی نودا، بۆ ژینا ئەمینی و ئەو چوار چالاکوانە ژنەی بڕیاری سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ناوەندی شارەکە و لەبەردەم زانکۆی فرایبۆرگ ستاندیان دانا.

خوێندکاران بەدەمەوەهاتنێکی مەزنیان پیشاندا، تیشکیان خستەسەر کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ دژی سزای لەسێدارەدان.