ئێشکگریی هەفتەى ٤٣٣هەم دەستەیەکی کوردستانیی شاری مانهایم بەڕێوەی دەبەن

چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا تاوەکو ئێستا بەڕێودەچێت. چالاکوانە ئێشکگرەکانی ئەم هەفتەیە دەستەیەکی کوردستانیی شاری مانهایمی ئەڵمانیان.

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆگری فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. ئێشکگرییەکەی ئەم هەفتەیە، کە دەکاتە ٤٣٣هەمین ئێشکگریی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن ٤ کوردستانیی وڵاتپارێزەوە، کە لە شاری مانهایمی ئەڵمانیاوە هاتوون بۆ شوێنی چالاکییەکە، بەرێوەدەچێت.

پیلانگیڕییان ئیدانە کرد

بە ناوی ئەو دەستە ئێشکگرەوە راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە و رایانگەیاند، چالاکیی ئێشکگرییەکەیان بە پێداگرییەوە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد درێژە پێدەدەن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، پیلانگێریی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە دژی رێبەری گەلی کورد لە ٢٢هەمین ساڵدایە، بەڵام هێزە تاریکە بەشداربووەکانی ئەو پیلانگێڕییە سەرنەکەوتن.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گەلی کورد بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن" تێکۆشانی خۆیان بە پێداگرییەوە لە دژی پیلانگێریی نێونەتەوەیی درێژە پێدا و وتیان "رێبەرەکەمان رووناکیی داهاتومانە. ئێمە هەموو هیزە تاریکەکانی ناو ئەو پیلانگێڕییە ئیدانە دەکەین و دەڵێین، هێزی هیچ کەسێک بەشی ئەوە ناکات، کە رۆژی ئێمە تاریک بکات".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە"ی کەجەکە کراوە و داوا لە گەلی کورد کراوە، کە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەشداری بەرخودان ببن.

٤٣٣هەمین هەفتەى چالاکیی ئێشکگری

ئێشکگریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنى ئەوروپا دەستیپێکرد. چالاکییەکە ٤٣٣ هەفتەى تێپەڕاند و تاوەکو ئێستا نزیکەى ٢ هەزار کەس لە وڵاتە جۆراجۆرەکانی ئەوروپاوە بەشداری چالاکییەکە بوون.

ژ.ت