ئەمڕۆ رۆژی بڕیاری کۆتاییە لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەى ئەنقەرە

دانیشتنی دادگا بۆ دۆسیەى کۆمەڵکوژیی ئەنقەرە بەردەوامە. چاوەڕێش دەکرێت ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە بدرێت.

لە دانیشتنی دادگای کۆمەڵکوژیی ئەنقەرەدا، ١٩ کەسى زیندانیکراو و ٣٦ تۆماتبار دادگایى دەکرێن. دادگاییەکە ماوەى ٣ رۆژە لە هۆڵى دادگاى زیندانى سینجان بەردەوامە.

هاوکات لەگەڵ دوایین رۆژی دانیشتنی دادگاییەکەدا هێزە تایبەتەکانى پۆلیس، ژمارەیەک ئامبوڵانس، ئۆتۆمبێلێکى جۆری TOMA پۆلییسەکان و یەکەی جەندرمەکان لە دەورووبەری هۆڵی دانیشتنەکەدا جێگیرکراون .

پاریزەرانی دۆسیەکە داوایان لە دەستەى دادوەریى دادگا کرد، بەڵگە لەسەر تۆمەتبارەکان لە دادگاکانی شارەکانی دیکە داوا بکرێن، بەڵام ئەو داواکارییە رەدکرایەوە. لەگەڵ ئەوەی پارێزەران لەسەر بەرپرسانی دامودەزگا گشتییەکان لەبارەى کۆمەڵکوژییەکەوە چەندین بەڵگەیان پێشکەش بە دادگاکە کرد، بەڵام سکاڵا لەسەر فەرمانبەران و بەرپرسانى دامودەزگا گشتییەکان تۆمار نەکرا، کە بەپێى بەڵگەکان تۆمەتبارن بە ئاسانکاری و یارمەتیدانی تاوانباران بۆ ئەنجامدانى کۆمەڵکوژییەکە و دواتریش بە دەمەوە نەچوون بۆ شوێنى کۆمەڵکوژییەکە و رزگارکردن و یارمەتیدانى قوربانییەکان.

ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی دەدرێت

چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەى تاوانباران و تۆمەتبارانى دۆسیکەوە بدرێت. بەپێی زانیارییەکان سەلفەت گیرای سەرۆکی دادگاکە وتوویەتی "دانیشتنەکە تاوەکو نێوەشەویش بەردەوام بێت هەر ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی دەدەم".

ر.م