ئەو زیندانییانەی بە کوردى قسەیان کردبوو ئەشکەنجە کران

پاسەوانان و بەڕێوەبەرانى زیندانی جۆری 'ئێم - M' لە سکەندەرونە ئەو ئەو زیندانییانەى بە کوردى قسەیان کردبوو بە ئاوی بە تەوژم ئەشکەنجەیان دابوون و دواتریش لێیان دابوون.

مانگی رابردوو لە زیندانی جۆری 'ئێم' لە سکەندەرونە، بەهۆی ئەوەی پێکەوە بە کوردی قسەیان کردبوو، زیندانیان بوو بوونە ئامانجی هێرشی بەرپرسان و پاسەوانانی زیندان.

زیندانیان لەڕێگەی بنەماڵەکانییانەوە پەیامیان بۆ ڕای گشتیی ناردبوو. بنەماڵەى زیندانیانى زیندانى جۆرى ئێم لە ئەسکەندەرونە دەربارەی ئەشکەنجەی سەر ڕۆڵەکانیان ڕایانگەیاندبوو "پاسەوانانی زیندان بە بەردەوامى و هەموو کات سوکایەتی بە ڕۆڵەکانمان دەکەن. دوایین جاریش بەهۆی ئەوەی پێکەوە بە کوردی قسەیان کردووە، لێیان داون. ئێستاش ئاوی بە تەوژمیان لە دژیان بەکارهێناوە و بەو شێوەیە لێیان داون. لە تەواوی زیندانیانی قاوشەکەیان داوە. ئەو زیندانیانەشیان لەیەک جیاکردووەتەوە و لە بەندی تاکەکەسیدا تووندیان کردوون کە لەبەرامبەر ئەو ستەمەدا ڕاپەڕی بوون".

ئەو زیندانییانەش لەسەر لێدانیان ڕاپۆرتی پزیشکییان وەرگرتبوو. بە ڕاپۆرتەکانیانەوە سەردانی داواکاری گشتییان کرد، بەڵام داواکاری گشتیی تورک پێی وتبوون "هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەشکەنجەدانی ئێو بوونی نییە. چۆن بزانم کە ئێوە درۆ ناکەن؟ لەبەرئەوە من ناتوانم هیچ شتێکتان بۆ بکەم".

لە دواى ئەوەى زیندانییەکان رایانگەیاندبوو، داواکاری گشتى لێکۆڵینەوەى لەبارەى راپۆرتەکانى ئەشکەنجەدانیانەوە ئەنجام نەداوە، بۆیە داوای هاوکارییان لە راى گشتى کرد. لەبەر ئەوەش بنەماڵەی دوو لەو زیندانییانە، دەربارەی ئەو ڕووداوە سەردانی لقی مێردینی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD)یان کرد و داوای هاوکاریی حقووقیان کرد.

ر.م