بە تێکۆشانى هاوبەش قەدەغەی سەر پەکەکە لادەبرێت

لە کۆنفرانسى "٢٥ ساڵ قەدەغەی سەر پەکەکە و ٢٥ ساڵ و دیموکراسی لە خزمەتى سیاسەتى دەرەوەى ئەڵمانیادا"، کە دوێنێ لە شاری بەرلینى ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، سەرنج خرایە سەر تێکۆشانى هاوبەش بۆ نەهێشتنى قەدەغە لەسەر پەکەکە.

کۆنفرانسەکە تاوەکو ئێوارەى دوێنێ بەردەوام بوو. کۆنفرانسەکە لە ناوەندی گشتیى پارتى چەپ  کارڵ لیبکنەیت هاوس بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا رەخنە لە سیاسەتى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ گۆشەگیرکردن و دابڕاندنى کوردان کرا.

بەشی دووەمی کۆنفرانسەکە لەلایەن پارێزەر ئەنتۆنیا ڤۆن دێر بیهرنس بەڕێوەبرا و مافناسان وتەى خۆیان پێشکەش کرد. لوکاس تۆینە و دوکتۆر پییەر شتۆلە سەرۆکى کۆمەڵەى پارێزەرانى کۆماریپارێز باسی قەدەغەى پەکەکە و پرۆسەکانی دادگایکردنەکانیان کرد، بەپێى خاڵی ١٢٩ دادگاى ئەڵمانیا، کە بە "یاسای دژە تیرۆر" دەناسرێت. لێکدانەوەشیان بۆ قەدەغەکردنی سیمبول و هێما و ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە کرد.  

پارێزەر لوکاس تۆینە لە وتەکانیاندا رایگەیاند، ٦ کەس بە پاساوی خاڵی ١٢٩ دەستگیرکران و لەو چوارچێوەیەدا دادگایى کران. تۆینە سەرنجی خستە سەر پێشێلکارییە یاسایى و دەستوورییەکان لە کاتی پرۆسەى دادگایکردنەکاندا.

پارێزەر تۆینە راشیگەیاند، مافی پەنابەری و یاسایى کارکردن و چەندین مافی تری بنەڕەتیى ئەو کەسانە پێشێل کراوە "چونکە ئەو کەسانە، کە ئێمە بەرگرییان لێدەکەین لە پشت شوشەوە دادگایى دەکرێن و مافی چاوپێکەوتنى ئێمە لەگەڵ ئەوان پێشێل دەکرێت".

تۆینە ئەوەشى وت "پەکەکە رێکخستنێکى تیرۆر نییە" و بڕیارەکەى دادگاى بەلجیکاى بەبیرهێنایەوە، کە رایگەیاندبوو "پەکەکە رێکخستنى تیرۆر نییە" و وتى، ئەڵمانیا نایەوێت بڕیارێکى هاوشێوە بڕیارەکەى بەلجیکا دەربکات.

ئەو پارێزەرە ئەڵمانییە وتیشی "هۆکاری دەرنەکردنى بڕیارێکی هاوشێوەى بڕیارەکەى بەلجیکا لەلایەن دەوڵەتى ئەڵمانیاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەوڵەتى ئەڵمانیا لەو بڕوایەدایە پەکەکە، کە لە ناو سنوورەکانى تورکیادا تێدەکۆشێت، لە ئەڵمانیا بە ناوی ترەوە خۆی بە رێکخستن کردووە".

 تۆینە ئاماژەى بەوەشکرد، گروپى لێکۆڵینەوە و دادگایکردنی ئەڵمانیا لەکاتى پرۆسەى دادگایکردنى سیاسەتمەدارانى کورد دا بە روونی ناڵێن "ئێمە زانیاریمان لە تورکیا وەرگرتووە، بەڵام ئێمە لە پرۆسەى دادگایکردنەکاندا بینیمان هەموو بەیانییەک هەواڵەکانى سەر ماڵپەڕەکانى ئینتەرنێت بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەڵمانیا دەبرێن و ئەویش بەپێى ئەو هەواڵانە بیردەکاتەوە و بڕیار دەدات، کە لە رێگەى گۆگڵەوە پێى گەیشتوون و لێکۆڵینەوەکانیان بەو شێوەیە بەڕێوەدەبەن!".

"رەفتاری دەوڵەت بەرامبەر بە تێکۆشانی ئازادی ناگۆڕێت"

دوکتۆر پییەر شتۆلە سەرۆکى کۆمەڵەى پارێزەرانى کۆماریپارێز لە بەردەوامیى گفتوگۆکانی کۆنفرانسەکەدا وتى، نزیکایەتى و رەفتاری ئەڵمانیا بەرامبەر بە پەکەکە وەک رەفتارکردن لەگەڵ "رێکخستنێکى تیرۆر" دا دەبینێت و ئەوەش نزیکایەتى و رەفتارێکى جیاوازتری لە دەوڵەتى ئەڵمانیا بە بەراورد بە وڵاتانى تر بەرامبەر بە پەکەکە دروستکردووە.

ئەو مافناسە ئەڵمانییە وتیشی، دەوڵەتى ئەڵمانیا یاسای خۆپیشاندان و کۆمەڵەکانى کردووەتە پاساو بۆخۆی تاوەکو رێگری لە کوردان بکات و کار بۆ گۆشەگیرکردن و دابڕاندنى کوردان بکات.

دوکتۆر شتۆلە ئەوەشى راگەیاند، لە دواى تێکۆشانی یەپەگە و یەپەژە لە دژی داعش گفتوگۆ لەبارەى تێکۆشانى ئازادیى کورد لە ئەوروپا گەیشتە ئاستێکى تر "بەڵام دەوڵەتى ئەڵمانیا نەیخواست گۆڕانکاریى ناو بزووتنەوەى کورد ببینێت و بڕیاری قەدەغەکاریى بەرفراونتر کرد، چونکە نزیکایەتیى دەوڵەتەکان بەرامبەر بە تێکۆشانى ئازادی بە ئاسانى ناگۆڕێت. لێرەدا دەبێت بەرژەوەندییەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیا و سیاسەتى دەرەوەى ئەڵمانیا لەبیر نەکرێن. وەزارەتى ناوخۆی ئەڵمانیا لە  ئاداری ٢٠١٧دا گشتاندێکى بۆ هەموو ویلایەتەکانى ئەڵمانیا ناردووە و سیمبول و ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژەى قەدەغە کرد، چونکە دەوڵەت پێیوایە ئەو سیمبولانە خزمەتى پروپاگەندە بۆ پەکەکە دەکات".

ئۆزدەمیر باسی لە چۆنیەتیى خۆبەرێکخستنکردنى رژێمى ئەردۆغان لە ئەڵمانیادا کرد

لە کۆتایى دانیشتنی کۆنفرانسەکەدا کاری هەواڵگری و سیخوڕیى میتى تورکیا لە ئەڵمانیا راڤە کرا. یورگن هاپە سەرنووسەری پێشووی بەرنامەى دەبلیو دی ئاڕ (WDR) لە تەلەفزیۆنى رۆژئاواى ئەڵمانیا (WDF) باسی لە تەونی سیخوڕیى میت کرد لە ساڵانى ١٩٨٠ لە ئەڵمانیادا.

هەروەها جانسو ئۆزدەمیر ئەندامى پارتى چەپ و ئەندامی پەرلەمانى ویلایەتى هامبورگ باسی لە خۆبەڕێکخستنکردنی رژێمى ئەردۆغان لە ئەڵمانیا کرد.

ئۆزدەمیر رایگەیاند، کۆنسوڵخانەکانى تورکیا تۆڕی بەرێکخستنکردنى دەسەڵاتى ئاکەپە بەڕێوەدەبەن. هاوکات چەندین رێکخرا و کۆمەڵەى هەوڵ دەدەن لە رێگەى یەکێتیى دیموکراتەکانى تورکیا لە ئەوروپا (UETD) لە ناو حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا و پارتى دیموکرات مەسیحیى ئەڵمانیا (CDU) و لە ناو پارتى سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD) لۆبی بۆ ئاکەپە بکەن. ئاکەپە لەو رێگانەوە  خۆی خزاندووەتە ناو حیزبە سیاسییەکانى ئەڵمانیا.

جانسو ئۆزدەمیر راشیگەیاند، ئاکەپە لە پشت بەرێکخستنبوونی گروپە سەلەفییەکانى ئەڵمانیاوەیە و لەمدواییانەشدا باس لە پەیوەندیى نێوان چەتە "عوسمانیەکانى ئەڵمانیا" لەگەڵ رژێمى ئەردۆغان دەکرێت.

دواتر کۆنفرانسەکە بە دوور لە چاوی کامێراى میدیاکان درێژەى بە دانیشتنەکەى دا. لەو کۆنفرانسەدا باسیش لە گرنگیى تێکۆشانی هاوبەش لە دژی قەدەغەى سەر پەکەکە کرا. بەشداربوان و رێکخەرانى کۆنفرانسەکە رایانگەیاند، بۆ ئەوەى کۆتایى بە سیاسەتى گۆشەگیرکردن و دابڕاندنى گەلی کورد بهێنرێت، دەبێت رێکخراوەکانى کۆمەڵی شارستانى و هەموو بەش و جومگەکانى کۆمەڵگە پێکەوە تێکۆشانى هاوبەش بەڕێوەببەن.

 

 

ر.م