حکومەتی ئەڵمانیا ئامانجی سەردانی شاندەکانی بۆ ڕۆژئاوا ئاشکرا کرد

حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر پرسی پارتی چەپ، ئامانجی سەردانی شاندێکی ئەڵمانی و فەڕەنسی بۆ ڕۆژئاوای کوردستانی ئاشکرا کرد.

شاندی بەرپرسانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە ١٩ی ئەیلولدا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە و ژمارەیەک پڕۆژەی عەین عیسایان لە باکووری ڕەقە تاوتوێکرد. بە پێی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی ڕۆژئاوا بڵاویان کردەوە، ئەریک چیڤالێر بەرپرسی ناوەندی قەیران و هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی فەڕنسا و کلیمێنس هاچ سەرۆکی بەرقەڕاری ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانی نووسینگەی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدڕالیش لەگەڵ شاندەکە سەردانی ڕۆژئاوایان کردبوو.

بەڵام سەرچاوەکان باسیان لە هۆکاری سەردانی شاندەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نەکردبوو. پارتی چەپ سەردانی شاندەکەی کرد بە ڕۆژەڤی پەرلەمانی فیدڕال و پرسیاری ئەوەی کرد، حکومەتی فیدڕالی ئەڵمانی هاوکاریەکی چۆن پێشکێش بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات؟

'شاندەکە لەبارەی هاوکاری ئەمنی و مرۆڤی قسەی کردووە'

گۆکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپ، پرسنامەکەی ڕادەستی حکومەت کرد و وەزارەتی دەرەوەش وڵامیدایەوە. وڵامە کورتەکەی ئاندرێس میکایڵ موستەشاری وەزارەتی دەرەوە کەوتە دەستی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF). لە وڵامەکەدا ڕاگەیەندرا، بە مەبەستی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە لە داعش پاککراونەتەوە شاندەکە سەردانی ڕۆژئاوای کردووە.

مایکیل وتی، "بۆ بەرقەراڕکردنی ئارامی لەم ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون، لەگەڵ هاوکارە فەڕەنسیەکانیان دەست بە هەنگاوی پراکتیکی دەکەن و حکومەتی ئەڵمانیا بۆ پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی، دروستکردنی خانووە ڕووخاوەکان و بەدەستهێنای پێداویستیەکانی ئەو ناوچانە هاوکاری گرنگ پێشکێش دەکات.

ف.ق