لە مۆسکۆ چالاکى بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن بەڕێوەچوو

داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ و هاووڵاتییانى کورد لە شاری مۆسکۆی پایتەختى رووسیا بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگى هەدەپە چالاکییان ئەنجامدا.

بە پێشەنگایەتیى بزووتنەوەى ژنان لە شاری مۆسکۆی پایتەختى فیدراسیۆنى رووسیا چالاکییەک بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پشتیوانیکردن لە چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە بەڕێوەچوو.

ژنانى کورد و دۆستەکانیان لە مۆسکۆ بە دروشمی "داواى چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن داواى ئێمەشە" چالاکییەکەیان بەرێوەبرد و داوایانکرد بە خێرایى گۆشەگیری کۆتایى پێبهێنرێت.

 

لە چالاکییەکەدا جولیەتا ئارام سەرۆکى بزووتنەوەى ژنان لە رووسیا رایگەیاند، گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشکردنە سەر رۆژئاوا پەیوەندیداری یەکترن.

ماریا باست داکۆکیکاری مافەکانى مرۆڤ و سەرۆکى یەکێتى پارێزەرانى رووسیا لە چالاکییەکەدا رایگەیاند "گۆشەگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تاوانێکى دژ بە مرۆڤایەتییە. دەبێت هێزە هاوبەشەکانى ئەو تاوانە بە خێرایى کۆتایى بەو کردەوانەیان بهێنن. ئێمە چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن زۆر بە مانادار دەەزانین و پشتیوانیى لێدەکەین".

چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشمەکانى "بژی بەرخودانى زیندانەکان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ر.م