ماکرون: لە دیلۆکەوە جیهادیەکانیان رەوانەی قەرەباخ دەکەن

ئیمانوئەل ماکرون سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتووەنەتە بەردەستیان، جیهادیەکانی سوریا رەوانەی قەرەباخی سەروو دەکرێن.

ماکرون لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپادا کە لە بروکسەلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو رایگەیاند، دەوڵەتی تورک چەتەکانی خۆی، رەوانەی ئازەربایجان کردووە بۆ ئەوەی لە قەرەباخی سەروو شەڕی پێبکەن.  

ماکرون وتی:" بە پێی زانیاریە پشتڕاستکراوەکان، جیهادیەکانی سوریا لە دیلۆکەوە رەوانەی قەرەباخی سەروو دەکرین و لە ئۆپڕاسیۆنەکاندا بەشداریان پێدەکرێت."

ماکرون لەو کۆبوونەوەیەدا راشیگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و رێز لە سنوورەکانی نەگیرێت، ئەرکی ئەوروپیەکان ئەوەیە کە دەبێت پشتیوانی خۆیان دەرببڕن و جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە دەریای سپی پشتگیری یونان و قوبرس دەکەن.

ز.ش