هۆکاری رێگریکردن لە چاوپێکەوتنەکانی ئۆجالان ئاشکرا بوو

داواکاری گشتیی دەوڵەتى تورک لە بورسا بە پاساوی پێشکەشکردنی "نەخشە رێگا"یەک لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاەوە بڕیاریداوە رێگری لە چاوپێکەوتنی نێوان ئۆجالان و پارێزەرەکانی بکات.

ئەوە دەرکەوت، بۆ ماوەى ٦ مانگ بڕیاری قەدەغەى چاوپێکەوتنی پارێزەران لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم دەرکراوە. لقی ٢ی دادگای سزای بورسا لە ٢٣ی ئەیلول دا بڕیاریداوە چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان بۆ ماوەى ٦ مانگ قەدەغە بکرێت.

پاساو بۆ ئەو بڕیارە قەدەغەکارییە، بەپێی خاڵی ٥٩هەمینی یاسا و بە بڕیاری ژمارە ٥٢٧٥ دەرکراوە. بڕیارەکەش لەسەر داوای داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا دەرکراوە.

پاساوی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سزای ژووری تاکە کەسی لە ساڵانی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٩دا بۆ ئۆجالان و ٣ کەسی تر  دەرکراوە، هەروەها بڕیاری لیژنەى دیسیپلینی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە "نەخشە رێگا" ١٥٦ لاپەڕەیەکەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، وەک پاساوێکی تر بۆ قەدەغەکارییە خراوەتەڕوو.

بەم بڕیارە قەغەدەکارییە، لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠١٦ەوە تاوەکو ئێستا ٥ بڕیاری قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان دەرکراوە.

ئۆجالان لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١١ەوە تاوەکو ٢ی ئایاری ٢٠١٩ رێگای پێنەدرا پارێزەرەکانی ببینێت، بەڵام بەهۆی چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن لە هەموو زیندانەکانی تورکیادا، دەوڵەتى تورکیا ناچار بوو لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩دا رێگا بە پارێزەرەکانی ئۆجالان بدات سەردانی بکەن.

پارێزەرانی ئۆجالان لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە تاوەکو ئێستا ١٠٨ جار داوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنیان کردووە، بەڵام هەموو ئەو داواکاریانەی پارێزەران بۆ سەردانکردنی ئۆجالان و بینینی، لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ژ.ت