وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بوردومانەکان بالیوزی تورکیای بانگهێشت کرد

لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر خاکی عێراق و باشوری کوردستان، باڵیۆزی دەوڵەتی تورک بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرا و جگە لە سەرکۆنەی هێرشەکان، داواشکرا ئەو هێرشانە دووبارە نەبنەوە.

ئەمڕۆ فاتح یڵدز باڵیۆزی دەوڵەتی تورک لە عێراق، لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی وەزارەتەکەی کرد و لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوە عەبدولکەریم هاشم کۆبوەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کۆبونەوەکە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەبارەی ‌هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پێدانی ڕوونکردنەوە و پاساوی ئەو وڵاتە لەسەر هێرشەکان.

بەیاننامەکە دەڵێت: لەلایەن بریکاری وەزارەتی دەرەوە عەبدولکەریم هاشمەوە یاداشتێک ڕادەستی باڵیۆزی تورکیا کراوە کە تایبەت بووە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و لەو چوارچێوەیەشدا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی کردووە بۆسەر ئاسمان و خاکی عێراق.

هەروەها دەڵێت: ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو هێرشانە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دوستانە و بنەماکانی دراوسێیەتی و ڕێزگرتنی هەردوولان.

لەو یاداشتەدا داوا لە دەوڵەتی تورکیا کرا هێرشە سەربازیەکانی ڕاگرێت، عێراقیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاری هاوبەش لە پاراستنی سنورەکان بە جۆرێک کە لەبەرژەوەندی هەردوولا بن.

هەروەها داواش لە باڵیۆزی تورکیا کرا کە ئەو یاداشتە بگەیەنێت بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی تا ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشانە و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا.

ز.ش