پۆلیسی تورک رێگای بە یادکردنەوەى کوشتارەکەى وێستگەى میترۆی ئەنقەرە نەدا و ١١ کەس دەستگیرکران

پۆلیسەکانی دەوڵەتى تورک هێرشیان کردە سەر ئەو چالاکوان و هاووڵاتییانە، کە دەیانخواست یادی ئەو کەسانە بکەنەوە، کە لە کۆمەڵکوژییەکەى وێستگەى میترۆی ئەنقەرەدا شەهید و بریندار بوون، پۆلیس ١١ کەسیشی دەستگیرکرد.

رێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیەکان لە ئەنقەرە بەرەو ئولوس میترۆ رۆیشتن بۆ یادکردنەوەى ئەو کەسانە کە لە کۆمەڵکوژیی وێستگەى میترۆی ئەنقەرەدا شەهید و بریندار بوو بوون. دەیانخواست لە بەردەم گۆڕەپانی وێستگەى میترۆ و شوێنی کۆمەڵکوژییەکەدا رێپێوان ئەنجام بدەن. جەماوەری گەل بنەماڵەى شەهیدان و بریندارەکان، پەرلەمانتارانی هەدەپە کەمال بولبول و محەمەد رۆشتو تریاکی-یان لەناودا  بوو لەلایەن پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا لە رۆیشتن بۆ گۆڕەپانی میترۆکە. پۆلیس پاساوی رێگرییەکەى بۆ پەتای کۆرۆنا دەگەڕاندەوە.

دوای ئەوەى مشتومڕ لە نێوان جەماوەر و پۆلیس روویدا، پۆلیسەکان وەک پیشەى هەموو کاتێکیان بە شێوەیەکى توندوتیژانە هێرشیان کردە سەر جەماوەری گەل و ١١ کەسیان دەستگیرکرد.

دوای پەلامار و هێرشی پۆلیس، بنەماڵەی شەهیدان و برینداران و رێکخراوە جەماوەرییەکان بۆ بەڕێوەبردنی یادکردنەوەکە لە شوێنێکی تردا کۆبوونەوە، بەڵام دووبارە پۆلیس بە پاساوی پەتای کۆرۆنا رێگای بە جەماوەر نەدا یادەکەیان بکەنەوە. پۆلیسەکان بۆ بڵاوەپێکردنى بنەماڵەکان دەستوەردانی خێرا و لە ناکاویان لە دژی بنەماڵەکان ئەنجامدا.

سەرباری پەلامار و توندوتیژییەکانی پۆلیس، جەماوەری گەل و بنەماڵەکان بە چەپڵەلێدان و وتنەوەى دروشم پەلامارەکەى پۆلیسیان ئیدانە کرد و دەستیان بە وتنەوەى دروشمی 'دەوڵەتی بکوژ دەبێت باجەکەى بدات' و '١٠ی تشرینی یەکەم لە بیر ناکەین و رێگاش نادەین لە بیر بچێتەوە' و شەقامەکەیان داخست. بازنەى مرۆییان دروستکرد و پۆلیسیان ئیدانە و شەرمەزار کرد.

ژ.ت