ژینگەپارێزێکی تەمەن ٢٠ ساڵی سویسری بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی رۆژئاوا و بۆ بەشداریی لە پرۆژە ژینگەپارێزەکانی رۆژئاوادا ساڵی ٢٠١٩ رۆیشت بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام کاتێک رۆژی یەکشەممەى رابردوو (٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٠) بۆ گەڕانەوە بۆ سویسرا رۆیشت بۆ باشووری کوردستان و لە دوای چوونە باشووری کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە دەستگیرکرا. ئەو گەنجە ژینگەپارێزە سویسرییە ماوەى هەفتەیەکە لە هەولێر زیندانیکراوە.
"بۆ پشتیوانی لە پرۆژە ژینگەپارێزییەکان لە رۆژئاوا بوو"
ئۆلیڤەر پیتەر پارێزەری ئەو ژینگەپارێزە سویسرییە بە ئاژانسی هەواڵی تێلگرافی فەرمیی سویسرا (Keystone-ATS)ی راگەیاند، موەکیلەکەى ماوەی هەفتەیەکە لە هەولێر زیندانیکراوە و رەخنەى لە رەفتار و هەڵوێستی حکومەتی باشووری کوردستان گرت.
پارێزەر پیتەر راشیگەیاند، موەکیلەکەى ژینگەپارێزێکە، کە لە ناو گروپە چەپەکانی سویسردایە و بۆ پشتیوانی لە پرۆژە ژینگەپارێزییەکان رۆیشتبوو بۆ رۆژئاوا.
"هەفتەیەکە لە هەولێر زیندانیکراوە"
پارێزەر پیتەر ئەوەشی راگەیاند، موەکیلەکەى رۆژی یەکشەممە و کاتێک خواستویەتی بگەڕێتەوە بۆ جنێڤ لە دهۆک دەستگیرکراوە و بەرپرسانی باشووری کوردستان هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بۆ پێشێلکردنی سنوور و بێ پاسپۆرتبوون گێڕاوەتەوە.
پیتەر لە بەردەوامیی قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکردووە "راستە کاتێک موەکیلەکەى من لە سنوور تێپەڕیوە پاسپۆرتەکەى لێ ون بووە، بەڵام بەرپرسانی کوردی باکووری عێراق لە مانگی شوباتدا ڤیزەکەیان بۆ نوێکردووەتەوە. ئەو زانیارییەشیان لە بەردەستدایە. ناسنامەى موەکیلەکەى من دەکرێت زۆر بە ئاسانی روون بکرێتەوە و بسەلمێت، بۆیە دەستگیرکردنی موەکیلەکەم قبوڵ ناکرێت. لە راستیدا من ئەو دۆخە بۆ قەیرانی نێوان بەرپرسانی کوردی باکووری عێراق و رۆژئاوا دەگەڕێنمەوە".
"دەوڵەتی سویسرا دەستبەکار بوو"
پارێزەر پیتەر ئاماژەى بەوەشکرد، بەرپرسانی دەرەوەی سویسرا ئاگاداری بابەتەکەن و بەرپرسانی سویسری پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە لەگەڵ بەرپرسانی باشووری کوردستان کەوتوونەتە پەیوەندی بۆ هەرچی زووتر ئازادکردنی ئەو گەنجە ژینگەپارێزە سویسرییە.
ژ.ت