تەکنەلۆژیای بکوژی کۆمپانیای (L3Harrîs Wescam)ی کەنەدا، کە بارەگاکەى لە ئەمریکایە، لە رێگەى تورکیاوە ئەو تەکنەلۆژیایەی بە ئازەربایجان فرۆشتووە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی (درۆن)ەکانی کۆمپانیای بایراقدار، کە زاواکەى ئەردۆغان خاوەنداریی دەکات بە سیستمی ئیلکترۆ ئۆپتیک، واتە سیستمی هەستگری کۆمپانیای (L3Harrîs Wescam)ی فرۆشتووە بە ئازەربایجان.
ئەوە ئاشکرابووە، لە دوای ئەوەى تورکیا هێرشی داگیرکەریی کردە سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و گەمارۆی چەک فرۆشتن و تەکنەلۆژیای سەربازیی بەسەردا سەپێنرا، حکومەت کەنەدا لە مانگی ئایاردا بە فەرمانی تایبەتی نائاسایی تەکنەلۆژیای (L3Harrîs Wescam)ی بە تورکیا فرۆشتووە. ئەو فەرمانەش دوای چاوپێکەوتنی مانگی نیسان لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و جەستن ترۆدۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەرکراوە.
ئێستاش ترۆدۆ دەستیکردوە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە، کە ئاخۆ ئەو تەکنەلۆژیایەی حکومەتەکەى، کە خۆیان فەرمانی فرۆشتنیان بۆ دەرکردووە، لە قەرەباغ بەکار دەهێنرێت یان نا.
تردۆ رایگەیاند، فرانچۆیس فیلیپ چامپاگنی وەزیری بەرگریی کەنەدا لە مانگی ئایاردا فەرمانی دابوو تەکنەلۆژیای (L3Harrîs Wescam) بە تورکیا بفرۆشرێت، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئاخۆ ئەو تەکنەلۆژیایەی لە قەرەباغ بەکار دەهێنرێت یان نا.
ترۆدۆ راشیگەیاند، گرنگە ئەوە روون بێتەوە، کە ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ هەلومەرجی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" لە قەرەباغ بەکار دەهێنرێت یان نا. ئەوەشی راگەیاند، لە ئێستادا نازانن کە تەکنەلۆژیاکەى ئەوان لە شەڕی ئازەربایجان – قەرەباغی سەروودا بەکار دەهێنرێت یان نا.
ترۆدۆ ئەوەشی وت، ئەوان لەو شەڕە ناوچەییە 'نیگەرانن' و لە رێگەى سەربازییەوە کێشەکان چارەسەر نابێت.
حکومەتی کەنەدا یەکێک لەو وڵاتانە بوو، کە دوای هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەمارۆی چەکی بەسەر تورکیادا سەپاندبوو، بەڵام دواتر بە فەرمانی تایبەتی نائاسایی بایی سەدان ملیۆن دۆلار کەرەستەی فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای ئاسمانیی بە تورکیا فرۆشت. تورکیا ئەو تەکنەلۆژیایەش لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستانیش بەکار دەهێنێت و تاوەکو ئێستا چەندین شۆڕشگێڕ و هاووڵاتیی کورد بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایەوە شەهید بوون.
ژ.ت