کەنەکە: دکتۆر قاسملو شەهیدی دۆزی کوردستانە و شەهیدی هەموو گەلی کوردە

دەستەى بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ساڵیادی تیرۆرکردنى د. عەبدولڕەحمان قاسلمو سکرتێرى پێشووتری حیزبی دیموکراتیى کوردستانى ئێران (حدکا) لەلایەن رژێمى ئێرانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە "دوکتۆر قاسملو وەک رێبەرو سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو بەدوای چارەسەرێکی ئاشتیانەی پرسی گەلەکەیەوە بوو. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو شێوازەکانی تێکۆشانی بە کراوەیی هێشتبۆوە، لە ناویشیاندا دیالۆگ و رێککەوتن لەگەڵ رژێم، چونکە ئامانجی ئەو چارەسەریی بوو نەک شەڕ لە پێناو شەڕدا".

کەنەکە راشیگەیاندووە "راستە دوکتۆر قاسملۆ سکرتێری حزبێکی تێکۆشەری پارچەیەکی کوردستان بوو. بەڵام هەمانکات رێبەرو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێکی گەلێکی چەوساوەو ژێر دەست بوو. ئەو شەهیدی دۆزی کوردستانە، شەهیدی هەموو گەلی کوردە. خەبات و تێکۆشانی ئەو خەباتێکی نەتەوەیی دیموکراتخواز بوو. هەر بۆیە شەهیدبوونیشی زیانێکی گەورە بوو لە دۆزی کوردستان و خەباتە رەواکەی".

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا ئەوەش هاتووە، ئێران و تورکیا لە ئێستادا شانبەشانی یەکتر هەوڵی سڕینەوە و لە ناوبردنى گەلی کورد دەدەن و خۆیان راستەوخۆ و هەروەها لە رێگەى سیخوڕەکانیان کار بۆ لەناوبردن و داگیرکردنى باشووری کوردستان دەدەن، بۆیە لەو دۆخەدا تەنها یەکگرتوویى و یەکێتیى نەتەوەیى کورد دەتوانێت، ئەم گەلە لە دەست داگیرکەران بپارێزێت.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

هەروەک ئەزانن  30 ساڵ پێش ئێستا رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانێکی دیکەی گەورەی دژ بە گەلی کوردستان کرد. رێبەرو تێکۆشەرێکی کوردی کردە ئامانج و بە غەدرێکی بێوێنە تێرۆری کرد. هاوینی ساڵی 1989 شەهید دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملو لەگەڵ شاندێکی هاوڕێی کە پێکهاتبوون لە شەهیدان عەبدوڵا قادری ئازەر و فازیل رەسوڵ بە مەبەستی دانوستان و پێکهێنانی دایالۆگ لەگەڵ رژێمی ئێراندا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا تیرۆر کران.

 دوکتۆر قاسملو وەک رێبەرو سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو بەدوای چارەسەرێکی ئاشتیانەی پرسی گەلەکەیەوە بوو. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو شێوازەکانی تێکۆشانی بە کراوەیی هێشتبۆوە، لە ناویشیاندا دیالۆگ و رێککەوتن لەگەڵ رژێم، چونکە ئامانجی ئەو چارەسەریی بوو نەک شەڕ لە پێناو شەڕدا. بەڵام رژێمێکی داگیرکەرو نادیموکراتی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەی پێ قبوڵ نەکرا کە دان بە هەبوون و مافە دیموکراتی و سرووشتییەکانی گەلێکدا بنێ و بە ئاشتی ئارامی لەگەڵیاندا بژی. لە جیاتی دەستی دۆستایەتی و رێککەوتن، دەستی تاوانی درێژ کردو سەرجەم ئەندامانی شاندی دانوساندنی شەهیدی کردن.

راستە دوکتۆر قاسملۆ سکرتێری حزبێکی تێکۆشەری پارچەیەکی کوردستان بوو. بەڵام هەمانکات رێبەرو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێکی گەلێکی چەوساوەو ژێر دەست بوو. ئەو شەهیدی دۆزی کوردستانە، شەهیدی هەموو گەلی کوردە. خەبات و تێکۆشانی ئەو خەباتێکی نەتەوەیی دیموکراتخواز بوو. هەر بۆیە شەهیدبوونیشی زیانێکی گەورە بوو لە دۆزی کوردستان و خەباتە رەواکەی.

بێگومان هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە پێناو پرسی دیموکراسی و مافە رەواکانی گەلەکەیاندا شەهید ئەکرێن، یان زیندانی ئەکرێن و ئەشکەنجە ئەدرێن، تەنیا موڵکی بەشێک و پارتێکی سیاسی نین. بەڵکو موڵکی هەموو گەلەکەیانن و پێویستە هەموو گەلیش خاوەندارێتیان لێ بکەن.

رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان ئەو راستییە باش ئەزانن کە درەنگ یا زوو ئەبێ مل بۆ داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان بدەن. ئەوان لەوەتەی دامەزراون درێژە بە داگیرکاری و سەرکوتکردنی گەلی کوردستان ئەدەن. نەک هەر لە پارچەکانی ژێردەستی خۆیاندا، بەڵکو سنوور ئەبەزێنن و لە هەر پارچە و شوێنێکی کوردستان دەستکەوتێک هەبێت بە هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتی خۆیانی ئەبینن.

ئەوەتا رژێمی ئێران دەستی خستۆتە ناو هەموو وڵاتانی ناوچەکە، لە ناویشیاندا باشووری کوردستانی پڕ کردووە لە سیخوڕ و نوێنەرانی ئیتڵاعات و سوپای پاسداران، ئەمەش بە مەبەستی تێکدانی دۆخی باشوور و پەلاماردانی تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەرهەڵستکارانی رژێمەکەی.

 تورکیاش وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر هەمان سیاسەت زۆر دڕندانەتر پەیڕەوە ئەکات و زۆر شوێنی لە باشوور و رۆژاوای کوردستان داگیر کردووە. رۆژانە هێرش ئەکاتە سەر خەڵکی کوردستان و دەستکەوتەکانی. بە هەمانشێوەش حکومەتەکانی سوریاو عێراق نایەنەوێ بە تەواوی دان بنێن بە ئەو راستیەدا کە هەر گەلێک مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووس و خاکەکەی خۆی بدات.

لەم بارو دۆخەدا تەنیا رێگە لەبەردەم ئێمەی کوردستانیاندا ئەوەیە کە ئیتر ریزەکانمان یەکخەین، لەسەر پرسە هاوپەشەکانمان ستراتیژێکی نەتەوەیی داڕێژین و بیخەینە بواری پراکتیکەوە.  کوردستان لە بواری سەربازیی، رێکخستنیی، ئابووریی، میدیایی و دیپلۆماسییەوە، هێزو ئەکتۆرێکی مەزنە. کۆنەبوونەوە لە دەوری ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی، نەبوونی یەکدەنگی و تەبایی لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خەڵکی کوردستان. بێهەڵوێستی و بێدەنگی  بەرامبەر دەستدرێژی و داگیرکاریی، خاڵی هەرە لاوازی ئێمەی کوردستانیانە.

لەم رووەوە ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، جارێکی دی داوا لە هەموو پارت و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، رۆشنبیران و نووسەران و مامۆستایانی زانکۆ و میدایاکاران و تەواوی خەڵکی کوردستان ئەکەین، راستییەکانی قۆناغەکە بە وردی هەڵسەنگێنن و  بە یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی بە نەیار و داگیرکەران بڵێن نا بۆ داگیرکاریی، نا بۆ تێرۆر. ئـێمە لەسەر داوا رەواکەمان سوورین و ئێمە هەمیشە لێرەین. بە کوردستان و دۆستانی کوردستانیش بڵێن، ئێمە داهاتوومان درووست ئەکەین، داهاتووی خۆمان بە دەست خۆمانە. ئێمە هەر سەرئەکەوین چونکە پرسەکەمان رەوایە.

لە کۆتاییدا جارێکی دی یادی شەهید قاسملۆ و هاوڕێکانی و هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەرز و پیرۆز رائەگرین. سەری رێز لەبەر دەمیاندا دائەنوێنین.

ر.م