هەوڵی گەڕانەوەی سوریا دەدرێت بۆنێو کۆمکاری عەرەبی

سعودیە بەنیازە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بکات.

سێ بەرپرسی سعودی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، زانیارییان لەبارەی پلانەکەی حکومەتی سعودیە درکاندووە و ئاشکرایان کردووە، ریاز بەنیازە بەشار ئەسەد بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەب بکات کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، بڕیارە لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوودا فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سوریا بکات و بە فەرمی نامەی بانگهێشتکردنەکە رادەستی ئەسەد بکات.

تاوەکو ئێستا وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و وەڵامی پرسیارەکانی هەندێک میدیای لەو بارەیەوە نەداوەتەوە.

جەمال روشدی، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەب لەو بارەیەوە ووتوویەتی: "رێکخراوەکە ئاگاداری هەموو پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام نییە و چاوەڕێش ناکات بەر لە بانگهێشتکردن و سەردانەکە، ئاگادار بکرێنەوە".

لە ساڵی ٢٠١١ەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی سووریا کە دواتر بۆ شەڕی نێوخۆیی و پێکدادانی تووندی چەکداریی سوپای سوریا و گرووپە چەکدارەکان گۆڕدرا، ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێردرا و لەو کاتەوە پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووریی سوریا لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی عەرەب تێكچوو.

پێشتر ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا دەستپێکردەوە و باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق کردەوە.

بەپی چاودێران گەڕاندنەوەی سوریا وەکو ٢٢مین ئەندامی کۆمکارەکە جووڵەیەکی سیمبۆلییە و گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی دیار لە هاوکێشە ناوچەییەکان دەکات.

هـ .ب