لە لوبنانەوە هێرشکرایە سەر ئیسرائیل

ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل توانی بەرپەرچی ئەو مووشەکانە بداتەوە کە لە لوبنانەوە هاوێژرابوون.

بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل نزیکەی ١٥ مووشەک بە ئاراستەی ئیسرائیل هاوێژراون و سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل دەیان مووشەکی بۆ بەرپەرچدانەوەی هاویشت.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی (روسیا الیوم) ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون هەڵگری دانیشتووانێکی چڕە.

بەگوێرەی ئەم هەواڵە «سوپای ئیسرائیل بە تۆپهاوێژی قورس دەوروبەری شارۆچکەی قەلیلە ـی باشووری لوبنانی بۆردوومان کردووە و بۆردوومانەکە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی سەر سنووری لوبنانی گرتۆتەوە».

کەناڵی ١٤ ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند «لەماوەی ١٠ خولەکدا، ١٠٠ مووشەک لە لوبنانەوە بەرەو شارۆچکە و ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل هاوێژراون».

لای خۆیەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: «زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی شلۆمی و دەوروبەری لە باکووری ئیسرائیل بیستراون، ئێستاش لە وردەکارییەکان دەکۆڵنەوە».

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، بەرپەچدانەوەی ئەم مووشەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە.

کەناڵی (کان) ئاماژەی بەوە کرد «ڕەنگە یەک مووشەک لە لوبنانەوە هاوێژرابێت و لە ئاسمانی شلۆمی لە جەلیل بەرپەرچ درابێتەوە»، کەچی بەگوێرەی پێگەی (٠٤٠٤): «دانیشتووانی جەلیل باسیان لە بەرپەرچدانەوەی ٣ مووشەک کردووە».

بەگوێرەی دەستەی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە دوو کەس برینداربوون.

بەم هۆکارە ئیسرائیل کایەی ئاسمانی خۆی لە باکوور داخست.