لە ماوەی دوو ساڵدا لانیکەم ١١٠ مامۆستای زانکۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەکارلادراون

لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتی ئیبراھیم ڕەئیسی، لانیکەم ١١٠ مامۆستای زانکۆ لە کارەکانیان دورخراونەتەوە یان بە ناچاری خانەنشین کراون و زۆربەشیان لە ماوەی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕووبەڕووی ئەو سزایانە بوونەتەوە.

رۆژنامەی ئیعتمادی سەر بە ڕێفۆڕمخوازەکانی ئێران لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاویکردووەتەوە، "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ١٣یەم بە سەرۆکایەتی ئیبراھیم ڕەئیسی، لە نێوان مانگی ئابی ٢٠٢١ تا ڕۆژی ٣٠ی ئابی ٢٠٢٣، لانیکەم ١١٠ مامۆستای زانکۆ بە زۆرەملێ لە وانەوتنەوە بێبەش کراون. ئەو مامۆستایانە ھەروەھا لە کار دورخراونەتەوە یان بە ناچاری خانەنشین کراون.

لە ڕاپۆڕتەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی کە لەکار دورخراونەتەوە، زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە بڵاوکراوەتەوە و تەنیا پشتیان بە زانیاریانە پەستووە کە بەفەرمی یەکلایی کراونەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتەکە، لە زانکۆکانی ئازاد، تاران، زانستە پزیشکییەکانی تاران، عەلامە تەباتەبایی و شەهید بەهەشتی زۆرترین مامۆستا، ڕووبەڕووی بڕیارەکانی دورخستنەوە، ھەڵپەساردن، بێبەشکردن لە وانەوتنەوە، بڕینی مووچە، کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکانیان و ھەروەھا خانەنشینکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆڕتەکەی رۆژنامەی ئیعتماد زۆرترین حاڵەتی دوورخستنەوەی مامۆستایان لەم زانکۆیانە تۆمار کراوە: زانکۆی ئازاد ٢٩ حاڵەت، زانکۆی تاران ٢٧ حاڵەت، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران ١١ حاڵەت، زانکۆی عەلامە تەباتەبایی ٨ حاڵەت، زانکۆی شەهید بەهەشتی ٧ حاڵەت، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران ٥ حاڵەت و لە زانکۆکانی فیردەوسی مەشهەد و شەهید باهۆنەری کرمان ھەریەکەیان ٣ حاڵەت.

هەروەها لە ھەریەک لە زانکۆکانی کوردستان، ئەسفەهان، سەنعەتی شەریف و زانستە پزیشکییەکانی بابۆل ٢ حاڵەت، زانکۆکانی گیلان، شیراز، مازەندەران، زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، جەهرۆم، حەکیم سەبزەواری، زانستە پزیشکییەکانی تەورێز، خەلیجی فارس و ئەلزەهرا ھەر یەکەیان یەک حاڵەت لە دورخستنەوەی مامۆستایان تۆمار کراوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەکە، زۆربەی ئەو مامۆستایانە لە ماوەی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە ھۆی پاڵپشتکردن لە خۆپیشاندانەکان و ھاوپشتی خوێندکارانی زانکۆ و واژۆکردنی بەیاننامە ناڕەزایەتیەکان، لەکار دوورخراونەتەوە و وتنەوەی وانەیان لێ قەدەغە کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن،ژیان، ئازادی'، شەپۆلێکی نوێی لەکار دورخستنەوەی مامۆستایان لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەوەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە لێکەوتووەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، لە ڕۆژی ٢٩ی ئابەوە ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پشتیوانی لەو مامۆستایانە ڕاگەیەندراوە، ھاوکات بەشێک لە خوێندکاران جەختیان کردووەتەوە، وەک پاڵپشتی لە مامۆستایان بایکوتی ھۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

ژ.ن