لە میسر ئاگر لە باڵەخانەیەک کەوتەوە: لانیکەم ٣٨ کەس برینداربوون

لە شاری ئیسماعیلیەی میسر ئاگر لە باڵەخانەیەکی بەرزکەوتەوە، کە کەوتووەتە سەر کەنارەکانی نۆکەندی سویس. بەهۆی ئاگرەکەوە لانیکەم ٣٨ کەس برینداربوون.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی نەخۆشخانە، ئاگر لە یەکێک لە بەرزترین بیناکانی شاری ئیسماعیلیە کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم ٣٨ کەس برینداربوون. نەخۆشخانەی گەورەی شارەکە کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەرپرسانی پەیوەندیدار رایانگەیاندووە، کە تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نازانن.

لە دیمەنەکاندا دەبینرێت کە ئاگرەکە تەواوی باڵەخانەکەی تەنیوەتەوە و وەزارەتی تەندروستیش ٥٠ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری رەوانەی شوێنەکە کردووە.

لە ئابی ٢٠٢٢دا لە قاهیرە لە ئەنجامی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لانیکەم ٤١ کەس گیانیان لەدەستدابوو، لە ئادار ٢٠٢١ لە قاهیرە کارگەیەکی رستن و چنین سوتابوو کە تیادا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدابوو. ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەک ١٤ کەس گیانیان لەدەستدابوو.