لە سەرتاسەری عێراق کارەبا پچڕا

لە عێراق ئاگر لە وێستگەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبا کەوت، بەهۆیەوە بەم گەرمای هاوینە، لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کارەبا پچڕا.

دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاند، ڕۆژی شەممە لە سەرتاسەری وڵات کارەبا پچڕاوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا، لە پارێزگای بەسرە ئاگر لە وێستگەیەکی کارەبا کەوتووەتەوە، بۆیە لە کاتژمێر ١٢:٤٠ بەکاتی بەغدا کارەبا بەتەواوی پچراوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە پچڕانی کارەبا کاریگەری لەسەر تەواوی عێراق هەبووە.

لە عێراقدا داڕمانی ژێرخانی ئابووری، ناکارامەیی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، شەڕی دەیان ساڵە و گەندەڵی بوونە هۆی قووڵتربوونەوەی کێشەکان. ئەو وڵاتە  ژمارەی دانیشتووانی ٤٣ ملیۆن کەسە، زۆر دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و گاز.

بەهۆی پچڕانی کارەباوە بۆ زۆرێک لە گەڕەکەکان کارەبا  لە ڕێگەی مۆلیدەکانەوە دابین دەکرێت. بەڵام زۆرێک لە خێزانەکان توانایان نییە کە لە رێگەی مۆلیدەوە کارەبا بۆ ماڵەکانیان دابین بکەن. جگە لەوەش ئەو کارەبایەی لە رێگەی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دابین دەکرێت بەشی هەموو ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەکان، بەتایبەتی فێنککەرەوەکانی وەک سپلێت ناکات.

هەموو هاوینێک کە پلەی گەرما لە پایتەخت یاخود ناوچەکانی باشووری عێراق دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی، کوژانەوەی کارەبا بە بەردەوامی روودەدات و ئەمەش کاریگەری جددی لەسەر ژیانی ڕۆژانە دادەنێت.

هـ . ب