لە ئێران فشار و زۆردەستی دژی ژنان قورستر بووە

پۆلیسی ئێران بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو ژنانە بن کە یاسای باڵاپۆشی پێشێل دەکەن و سزایان بدەن، دەستیان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم کردووە.

پۆلیسی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یاساکانیان لەمرۆوە لەسەر شەقامەکان، لە نێو ئۆتۆمبێڵەکان و لە هەندێک جێگەی پلانبۆداڕێژراو جێبەجێ دەکرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " بۆ ئەو کەسانەی کە یاسای باڵاپۆشی پێشێل دەکەن، تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنرێت."

رێوشوێنی نوێ دوای راپەرینی گەل دەستی پێکرد کە لە مانگی ئەیلولەوە، ژنانی ئێران یاساکانی دەوڵەت بۆ باڵاپۆشی جێبەجێ ناکەن.

لە ١٦ی ئەیلوی ٢٠٢٢ ژنی کوررد ژینا ئەمینی بە بیانوی ئەوەی پێوانەکانی ئیسلامی پێشێل کردووە و یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ نەکردووە، لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا و لەو رۆژەوە لە هەموو وڵات چالاکی شەرمەزار کردن دەستی پێکرد. بە چالاکیەکاندا بە سەدان کەس کوژران و بە دەیان هەزار کەس دەستگیکران.

حەسەن مۆفاهەمی بەرپرسی پۆلیس وتی، " بەگوێرەی یاساکان جێبەجێنەکردنی باڵاپۆشی تاوانە."

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسانەی کە یاساکان پێشێل دەکەن خۆیان بەرپرسیار دەبن و ئەو کۆمپانیایانەی کە رێگە دەدەن کارمەندە ژنەکان سەرپۆش نەکەن، ئاگادار دەکرێنەوە.

ف.ق