لەماوەی دوو مانگدا ١٠٠ جار هێرشکراوەتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا

لە سوریا جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر بنکەکانی ئەمریکا و بەمەش ژمارەی ئەو هێرشانەی لە ماوەی دوو مانگدا لە عێراق و سوریا کراوەتە سەر ئەو هێزانە گەیشتە ١٠٠ هێرش، کە بەهۆیانەوە ٦٦ سەرباز بە سووکی برینداربوون.

بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی گروپە ملیشیاکان جارێکی دیکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا و بەمەش ژمارەی ئەو هێرشانەی لە ١٧ی تشرینی یەمەکەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدراون گەیشتووەتە ١٠٠ هێرش.

ئاماژە بەوەشکراوەلە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٦٦ سەربازی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.

کۆتا هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، شەوی رابردوو، کراوەتە سەر ئەو هێزانە لە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی عومەر و کۆنیکۆ لە سوریا.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خێرایی هێرشەكان دژی سوپای ئەمریكا لە عێراق و سووریا بە ڕێژەی ٤٥% زیادی كردووە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمریكا بڕیاریداوە هێزی زیاتر و فڕۆكەی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، بە مەبەستی پاراستنی هێزەكانی لە ناوچەكە، بە تایبەت لە عێراق و سووریا.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادیان کردووە و واسنتۆن ملیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات و تائێستا چەند جار ئەو گروپانەی کردووەتە ئامنج.

هـ . ب