لەئێران رێژەی لەسێدارەدان بە رێژەی لەسەدا ٧٥ زیادی کردووە

٢ رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاند کە لە ئێران بەمەبەستی 'ترساندن' 'مەکینەی مەرگ' خراوەتەکار و باسیان لەوەکرد کە ساڵی رابردوو جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە رێژەی ٧٥ زیادی کردووە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە و یەکێتی دژی سزای لەسێدارەدان کە ناوەندەکەی لە پاریسە رایانگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٢ لانیکەم ٥٨٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراوە.

راگەیەندرا کە ئەو ژمارەیە لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەرزترین ئاستی تۆمارکراوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە. هەربەگوێرەی راپۆرتی هەردوو رێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٢٣شدا لانیکەم ٣٣٣ کەس لەسێدارەدراون.

لە راپۆرتە هاوبەشەکەدا هاتووە، "سزای کوشتن جارێکیتر لەلایەن رژێمی ئێرانەوە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی وەک ئامرازێکی سەرکوت و گوشار بەکاردەهێندرێتەوە".

بەڕێوەبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ مەحمود ئەمیری موقەدەم رایگەیاند: "کاربەدەستان بۆ ئەوەی ترساندن و تۆقاندنی خۆپیشاندەران پەنایان بۆ زیاتر کردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسانە بردووە کە بەهۆی تۆمەتێکی جیا لە کاری سیاسیەوە سزادراون، زیادی کردووە.

موقەدەم داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە بۆ راگرتنی 'مەکینەی مەرگی رژێمی ئێران' هەنگاو و رێکاری پێویست بگرنەبەر.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە نزیکەی ١٠٠ بەندکراویش کە مەترسی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە. 

هـ . ب